رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا لەدژی سەپاندنی قەییوم، پڕۆژەیاسایەک پێشکێشی پەرلەمان دەکات و داوا لە سەرۆکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا دەکات پشتیوانی بن.
رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، کە هاوکات سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیایە، لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان، داوای دیدار و کۆبوونەوەی بەپەلەی لە سەرۆکی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا کرد.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بوو. رۆژی چوارشەممە 6ـی مانگ، دووەم کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، رەشنووسی پڕۆژەیاسایەک ئامادە دەکەن کە لەدژی سەپاندنی قەییوم بێت بۆ ئەوەی دەسەڵات دەستکراوە نەبێت لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ بە بڕیاری سیاسیی قەییوم بەسەر شارەوانییەکان نەسەپێنێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، لە رەشنووسی پڕۆژەیاساکەدا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەگەر بە بەڵگەی بەرجەستەکراو سەلمێندرا سەرۆک شارەوانییەکان تاوانیان کردووە و دوای بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگە، ئەوسا دەکرێ لەکار دووربخرێتەوە. بۆ شوێنگرەوەشی، پێویستە بە زۆرینەی دەنگ، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرێت و بکرێتە سەرۆک. نەک پێچەوانەکەی قەییومی بەسەردا بسەپێندرێت، پارێزگار یان جێگری پارێزگار یاخود قایمقام بە سەرۆک شارەوانی دابمەزرێت، چونکە سەرۆک شارەوانیی دانامەزرێت، ناسەپێندرێت بەڵکو هەڵدەبژێردرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد فاتیح ئەربەکان سەرکۆنەی تووندی سەپاندنی قەییومی بەسەر سەرۆک شارەوانییەکانی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ، خالفەتی لە روها، ئێلیهـ و مێردین کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتی خۆسەپێنییە و ناکرێ لە شەو و رۆژێکدا هەڵوێستەکان پێچەوانە ببنەوە. دوێنێ باس لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و یەکگرتوویی نێوخۆیی بکرێت و رۆژی دواتریش قەییوم بسەپێندرێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، پشتیوانی لە داواکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد و فەرمانی بە فراکسیۆنی جەهەپە-دا بەزووترین کات سەرجەم رێوشوێنەکان بگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی رەشنووسی پرۆژەیاساکە و هاوئاهەنگیی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەش بکەن.
سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا، جگە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی؛ داواکارییەکەی ئاراستەی سەرجەم سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان کردووە بە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەشەوە.
هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا، رەزامەندییان بۆ داواکارییەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەربڕی. بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا؛ و مستەفا دەستەجی، سەرۆکی پارتی یەکبوونی مەزن، وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری؛ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پرسی قەییومکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیە و خەلفەتی ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر رازی دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ