هەوڵی دامەزراندنی وڵاتێکی بەکتاشی لە ئەلبانیا دەدرێت و بەشێکی کورد و تورکەکان لە دژین

 
رووداو دیجیتاڵ 

هەوڵی دامەزراندنی وڵاتێکی بەكتاشی لەسەر 27 دۆنم زەوی لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، لەنێو بەکتاشی و عەلەوییەکانی تورکیا دا بووەتە مژارێکی گەرم. 
 
ناوەندی سەرەکیی بەکتاشییەکانی تورکیا لە دژی ئەو هەوڵە دەوەستێتەوە. هۆکاریش ئەوەیە کە سەرۆکی ناوەندەکە دەڵێت، بەگوێرەی مامەڵەی بەکتاشییەکان، پێویستە خەلیفە بابا خەڵکی تورکیا بێت و بە راوێژ بڕیار بدرێت. ناوەندی بەکتاشییەکان هاوکات، پێیوایە خزمەت بە بەكتاشی و عەلەوییەکان ناکات. 
 
ئەرجان گەچمەز، سەرۆکی ناوەندی حەجی بەکتاشی وەلی دەڵێت: "ئەمڕۆ دانوستاندن لەسەر وڵاتێک بۆ بەکتاشییەکان دەکرێت، بەڵام بەڵگە هەن کە ئێمە ناتوانین وڵاتێکی لەو جۆرە قبووڵ بکەین. بەڵگەی ساڵی 1998ـی کۆبوونەوەی ئیزمیر دەڵێت، 'پێویستە بابا خەلیفە خەڵکی تورکیا بێت، بەڵام ئەو کەسەی ئێستا خۆی بە بابا خەلیفە دەناسێنێت خەڵکی تورکیا نییە. ئەم مژارە تەنیا پەیوەندیی بە باڵی باباخانەکانی بەکتاشییەکانەوە هەیە. بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە." 
 
وەکو خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، وڵاتی بەکتاشییەکان، "رووی نەرمی ئایینی ئیسلام" پێشانی جیهان دەدات و دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ هزرە پەڕگیرەکان.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە تورکیا لانیکەم 15 ملیۆن عەلەوی و بەکتاشی هەن و 60٪ـی ئەوانیش کوردن. بەشێک لە عەلەوییە کوردەکانیش لە دژی ئەو بڕیارەن. 
 
موسلم دۆغان، وەزیر و پەرلەمانتاری پێشوو و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی پیر سوڵتان عەبدال دەڵێت: "بەڕای من ئەمە هەنگاوێکی دروست نییە. دەکرێت تەنیا یەک سوودی هەبێت. ئەوەش ئەوەیە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی عەلەوی و بەکتاشی بناسێندرێن و بیروباوەڕیان قبووڵبکرێت. بەدەر لەوە، دەتوانین بڵێین کە ئەمە هەوڵێکی هەواڵگریی تایبەتی ئەلبانیایە و بەگوێرەی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان بیردەکەنەوە." 
 
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی ئەلبانیا، دوو ملیۆن و 800 هەزار کەسە. ژمارەی بەکتاشییەکانیش لەو وڵاتە نزیکەی 280 هەزار کەسن. بەکتاشی چوارەم گەورەترین گرووپن لە ئەلبانیا. 
 
زۆربەی بەکتاشی و کزڵباشە کورد و تورکەکان لەو بڕوایە دان کە دامەزراندنی وڵاتێک بۆ بەکتاشییەکان لە ئەلبانیا هیچ سوودێک بە کولتوور و بیروباوەڕیان ناگەیێنێت. هاوکات، ناشیانەوێت ببنە ناوەندی ململانێ، ناکۆکی و رکابەرییەکی سیاسی.