سەرۆکی جەهەپە داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سووریاییەکان بۆ وڵاتی خۆیان بگەڕێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جەهەپە داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات پەلە بکات لە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە گوتەیەکدا لە شاری هاتای لەبارەی هاووڵاتییانی سووریایی نێو تورکیاوە قسەی کرد و گوتی، "دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەمماندایە. بەشار ئەسەد لێبووردنی گشتیی دەرکردووە. ئەردۆغان چاوەڕێی چی دەکەیت؟ بۆچی رێنوێنییەک دەرناکەیت بیانگەڕێنیتەوە؟ یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە هەموو شتێک بکات. گەرەنتیی سەلامەتیی پەنابەران وەربگرە و بۆ پاراستنی گیانیان بەڵێن وەربگرە. پەلە بکە با بە دەهۆڵ و زوڕناوە بچنەوە وڵاتەکەیان."
 
سەرۆکی جەهەپە باسی لەوەش کرد، چەندین جار داوای لە ئەردۆغان کردووە لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە؛ گوتیشی، "ئێستا هەوڵ دەدات لەگەڵی کۆببێتەوە."
 
ئۆزەل ئاماژەی بەوەش کرد، دەمێکە بە فەرمی داوای دیداری ئەسەدی کردووە و گوتی، "چاوەڕێی وەڵامی رژێمی سووریا دەکەم، دوای ئەوەی پێیان گوتین رۆژێکتان بۆ دیاری دەکەین. ئەگەر ئەردۆغان پێش من بچێت، باشترە و سوپاسی دەکەم."
 
لە چەند مانگی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە، پێی باشە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کۆببێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێك بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 پەنابەری سووریایی هەن.