ئەردۆغان: ئیسرائیل دوای غەززە چاوی دەبڕێتە خاکی نێوان دیجلە و فوراتیش

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئیسرائیل لە دوای غەززە و رامەڵڵا، چاوی دەبڕێتە لوبنان، سووریا و خاکی نێوان دیجلە و فوراتیش.
 
لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پێشنوێژ و گوتارخوێنان رۆژی شەممە 7-9-2024 لە پارێزگای کۆجائەلی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت و حەماسی بە بەرگریکار لە خاکی موسڵمانان وەسفکرد.
 
ئەردۆغان باسی لەوە کرد؛ ئیسرائیل لە دوای غەززە چاو دەبڕێتە وڵاتانی دیکە. "ئیسرائیل ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دوای داگیرکردنی رامەڵڵا، چاو دەبڕێتە شوێنی دیکە. ئەوکات نۆرەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دێت. دەچێتە لوبنان و سووریا هەروەها چاو دەبڕێتە ئەو خاکی نیشتمانەمان کە دەکەونە نێوان دیجلە و فورات." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا کە پێشتریش زۆر جار رەخنەی لە نەخشە دروستکراوەکانی ئیسرائیل گرتووە، گوتی "ئەوان بە وێنەگرتن لەبەردەم هەر نەخشەیەک، بە روونی ئەمە دەڵێن. لە ئێستاوە رایدەگەیێنن تەنیا بە غەززەوە ناوەستن. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین حەماس بە ناوی موسڵمانان بەرگری دەکات. هەر بۆیە دەڵێین، حەماس تەنیا بەرگری لە غەززە ناکات، بەڵکو بەرگری لە خاکی موسڵمانان و تورکیاش دەکات." 
 
ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد، لەدوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی ساڵی 1918 لە فەلەستین کشایەوە، 'سەهیۆنییەکان' دەستیان بە داگیرکردنی خاکی ئەوێ کرد.
 
ئەگەرچی هەوڵەکان بۆ دانوستاندن و ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی روونی نەبووە و هێرش و کوشتاریش لە غەززە بەردەوامن. 
 
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل چەندین ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی رۆژئاوادا کردووە و هەروەکو خۆشیان رایانگەیاندووە، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە، لەنێوبردنی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل. 
 
جگە لە ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە ناوچەکە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیشی کردووە. رۆژی پێنجشەممە 5ی ئەیلوول، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شارۆچکەی تۆباسیان لە باکووری کەرتی رۆژئاوا بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران، کە یەکێکیان کوڕی سەرکردەیەکی ناسراوی فەلەستینی بوو بەناوی محەممەد زەبەیدی، کوڕی زەکەریا زەبەیدی کە یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی فەلەستین و بەشداری چەندین شەڕی لە دژی ئیسرائیل لەساڵانی 1990 و 2000ـەکان کردووە. ئیسرائیل رایگەیاند لەو هێرشانەیەدا کۆمەڵێک چەکداریان لە شارۆچکەی تۆباس کردووەتە ئامانج.