راپرسییەک: جەهەپە یەکەمە و ئاکپارتی دووەم؛ دەم پارتیش وەکو خۆیەتی

07-09-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای سۆنار بۆ راپرسی و لێکۆڵینەوە ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 36.2٪ـی دەنگەکان یەکەمی تورکیایە.
 
بەگوێرەی ئەو راپرسییەی کۆمپانیای سۆنار وەکو ئەنجامی راپرسیی مانگی ئاب بڵاویکردووەتەوە، دەنگەکانی ئاکپارتی دابەزیون، لەبەرامبەردا دەنگەکانی جەهەپە زیادیان کردووە. هەروەها پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پارێزگارییان لە دەنگەکانیان کردووە.
 
لە تورکیا کۆمپانیای سۆنار بەراورد بە کۆمپانیاکانی دیکە، ئەنجامی راپرسییەکانی بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت. بەتایبەتی کە ئەو کۆمپانیایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ئایاری 2023 بەڕێوەچوون، نزیکترین ئەنجامی، پێشبینی کردبوو.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن گوشاری زۆر دەکات و دەڵێت، دۆخی ئابووریی تورکیا باش نییە و دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
 
کۆمپانیای سۆنار رایگەیاندووە، بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکەی مانگی ئاب، 53.1٪ـی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان تورکیا بچێتە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەوە، لەبەرامبەردا 40.7٪ـی بەشداربووان هەڵبژاردنی پێشوەخت بە پێویست نازانن.
 
ئەنجامی راپرسیی کۆمپانیای سۆنار:
 
- جەهەپە       ٪36.2
- ئاکپارتی      ٪23.8
- مەهەپە   ٪11.2
- دەم پارتی   ٪10.7
- ئیی پارتی    ٪5.3
- سەرلەنوێ رەفاهـ  ٪5
- زافەر             ٪4.8
ئەوانی دیکە         ٪3

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە