تەقینەوەیەک لە چەند سایلۆیەکی تورکیا روویدا و لانیکەم 10 کەس برینداربوون

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

تەقینەوەیەکی بەهێز لە چەند سایلۆیەکی "دەستەی دانەوێڵەی تورکیا" لە بەندەری دەرینجە لە پارێزگای کۆجائەلی روویدا و لە ئەنجامدا 10 کەس بریندار بوون. 
 
سەدات یاڤووز، پارێزگاری کۆجائەلی گوتی، تەقینەوەکە کاژێر 2:40 خولەک بە کاتی ئەنقەرە (هەمان کات بە کاتی هەولێر) روویداوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 10 کەس برینداربوون کە برینی دووانیان سەختە. 
 
سەدات یاڤووز ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەقینەوەکە دەستبەجێ تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ئێستاش لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی وردەکاری هۆکاری تەقینەوەکە بزانن. 
 
ڤیدیۆکان دەریدەخەن کە تەقینەوەکە بووە هۆی ئەوەی دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکە داپۆشێت. وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا رەتی دەکاتەوە بە هۆی ئەو تەقینەوەیەوە هیچ کەشتییەک زیانی بەرکەوتبێت.