رێژەی 43٪ـی بەشداربووانی راپرسییەک پێیان وایە کۆچبەران گەورەترین هەڕەشەی سەر تورکیان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بۆچوونی ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە بەشدارییان لە دوایین راپرسی کۆمپانیای مێترۆپۆڵدا کردووە، "کۆچبەران و پەناخوازان گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا."
ئۆزەر سانجار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێترۆپۆڵ کە بە بەناوبانگترین کۆمپانیای ئەو وڵاتە لەبارەی راپرسییەکان دادەنرێت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، "لە راپرسییەکەی ئەمجارەماندا مەبەستمان بووە پرسیار لەبارەی گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی تورکیا بکەین و ئەو وەڵامەمان دەستکەوت، کە هاووڵاتییانی تورکیا، کۆچبەران و پەنابەر و پەناخوازان بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر تورکیا دەبینن."
کۆمپانیاکە راپرسییەکەی لە رۆژانی 15-19ـی تەممووزی 2023 بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ دوو هەزار و 746 کەس لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکە، 43.6٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیان وایە کۆچبەران گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا؛ پەکەکەش بە رێژەی 21.1٪ لە ریزبەندی دووەم دێت؛ هەژموونی دەرەکی بە رێژەی 19.4٪ لە ریزبەندی سێیەم دێن. 9.8٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە، پێیان وایە گرووپی فەتحوڵڵا گولەن هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا و 6.1٪ـی بەشداربووانیش، هیچ بۆچوونێکیان لەو بارەوە نییە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 4 ملیۆن و 990 هەزار و 663 کۆچبەر و پەنابەر و پەناخواز هەن؛ 3 ملیۆن و 329 هەزار و 516ـیان سووریایین.