رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا کە سێشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێت، دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، دوای تەلرەفعەت و منبج، ئامانجیان رۆژهەڵاتی فورات دەبێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانمان، خەون و هەوڵی تیرۆریستانمان بۆ دامەزراندنی قەوارەیەک لەودیوی سنوورەکانی باشوور لەناوبرد. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەوپەڕی سووربوونەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی تیرۆر ریشەکێش دەکرێت."
باخچەلی راشیگەیاند، "لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی نوێوە تەلرەفعەت و منبج تاوەکو رۆژهەڵاتی فورات لە تیرۆر پاک دەکرێنەوە. تیرۆر لە کوێ سەرهەڵبدات ئەوێ ئامانجمان دەبێت."
سەرۆکی مەهەپە رەخنەی تووندی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت بەتایبەتی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ سەبارەت بە پاڵپشتیکردنیان بۆ پەکەکە و هەسەدە و رایگەیاند: "بەداخەوە هاوبەشانی ناتۆ تاوەکو ئێستا بە ئەرێنی نزیک نەبوونەتەوە لە رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. تەنیا بەزارەکی پشتیوان و هاوسۆزی دەردەبڕن، بەکردار هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. بەپێچەوانەوە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنیان. بەتایبەتی سوێد و فینلاند بە نهێنیی و ئاشکرا پشتی تیرۆریان گرتووە. چۆن تورکیا ئەندامبوونی ئەم دوو وڵاتە پەسند بکات؟"
باخچەلی گوتیشی، "ئەگەر هێندە لە خەمی پەکەکەدان، با تەواوی تیرۆریستان لە قەندیل بگوازنەوە وڵاتەکانیان و دواتر لەنێو جەرگەی ئەوروپا قەوارەیەکی تایبەتیان بۆ دامەزرێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ