قوتابییەکی عێراقی لە قوتابخانەیەکی ئیستەنبووڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا قوتابییەکی تەمەن 17 ساڵانی بە رەچەڵەک عێراقی، تەقەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کرد و دوای چەند کاژێرێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە لە قوتابخانەیەکی تایبەتی ناوچەی ئەیوبییەی ئیستەنبووڵ کاژێر 10:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە 07-05-2024 روویدا. قوتابییەک بەناوی (ی. ک) کە میدیای تورکیا دەڵێن عێراقییە، دوای پێنج مانگ لە دەرکردنی گەڕاوەتەوە قوتابخانە و ئەو تاوانەی کردووە.
ئەو قوتابییە کە پێنج مانگ لەمەوبەر "بەهۆی لادانی لە رێسای پەروەردەیی و هەڵسوکەوتی نادروست دەرکراوە"، بە دەمانچەوە چووەتە ژووری ئیبراهیم ئۆکتوگان، بەڕێوەبەری قوتابخانە و سێ گولـلەی پێوەناوە. قوتابییە عێراقییەکە رایکردووە. مامۆستاکان کە گوێیان لە دەنگی تەقە بووە، چوونەتە ژووری بەڕێوەبەر و پەیوەندییان بە تیمی تەندروستییەوە کردووە.
سێ کاژێر دوای رووداوەکە، قوتابی (ی. ک) لەلایەن پۆلیسی ئیستەنبووڵەوە دەستگیر کرا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئەو قوتابییە تەمەن 17 ساڵە، لەلایەن پۆلیسەوە داواکراو بووە. هاوکات پۆلیس باس لە بوونی تۆمەتی دیکە لەسەر ئەو قوتابییە عێراقییە دەکات.
کاسبکارێکی نزیک قوتابخانەکە بە میدیای تورکیای گوتووە، "باش شارەزای ئەم قوتابخانەیەین. بەڕێوەبەرەکەشی کەسێکی پابەند و سیستمخواز بوو. ئەو منداڵە عێراقییە لە قوتابخانە دەرکرابوو. دوای پێنج مانگ گەڕاوەتەوە و تەقەی لە بەڕێوەبەرەکەی کردووە. ئێمەش سەرمان سوڕماوە لەم رووداوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی پۆلیس، قوتابییەکە کانوونی یەکەمی پار تووشی کۆمەڵێک کێشە بووە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی. دواجار بە بڕیاری قوتابخانە لە خوێندن دەرکراوە و لە وەرزی خوێندنی 2023 - 2024 بێبەش کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، ساڵی 2023 لە تورکیادا 3 هەزار و 773 شەڕ و پێکدادان روویانداوە. لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی دەزگای ئوموت، 763 لەو رووداوانە لە شارە کوردییەکان روویانداوە. بە گشتی ساڵی 2023 لە شارە کوردییەکاندا 483 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش بریندار بوون.