لە 20 هەزار دامەزراندنی نوێ لە تورکیا تەنیا 10 مامۆستای کوردی هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی تورکیا سەبارەت بە دامەزراندنی ژمارەی ئەو کەسانەی چاوەڕوانن وەکو مامۆستا لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن دامەزرێن، رایگەیاند، "20 هەزار مامۆستای نوێ لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا بۆ چەندین وانەی جیاواز دادەمەزرێنین."
 
دوای راگەیاندنەکەی یوسف تەکینی، وەزیری پەروەردەی تورکیا، خشتەی ئەو وانانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە بڵاوکرایەوە کە بۆ دامەزراندن بڕیاری لێدراوە.
 
بەپێی خشتەکە بێت، لە کۆی 20 هەزار مامۆستا، تەنیا 10 مامۆستا بۆ وانەی هەڵبژێردراوی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی تەرخان کراون. لەنێوان ئەو شێوەزارانەش شەش مامۆستا بۆ شێوەزاری کورمانجی و چوار مامۆستاش بۆ شێوەزاری زازاکی دیاری کراوە.
 
لەژێر گوشاری چەند ساڵەی لایەنە سیاسی و ناوەندە زمانەوانییەکانی باکووری کوردستان و یەکێتیی خۆبەخشانی زمانی کوردی بۆ سەر حکومەتی تورکیا، لە چەند ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردە 50 مامۆستای بۆ وانەی هەڵبژاردەی زمانی کوردی دامەزراند. لەو ژمارەیەش 35 مامۆستا بۆ شێوەزاری کورمانجی و 15 مامۆستا بۆ شێوەزاری زازاکی دامەزرێندران.
 
دوای بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا سەبارەت بە دامەزراندنی تەنیا 10 مامۆستا بۆ زمانی کوردی، فەوزی بولگانی، سەرۆکی یەکێتیی خۆبەخشانی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا، رەخنەی لە دیاریکردنی ئەو ژمارە کەمەی مامۆستایان گرت بۆ وانەی هەڵبژێردراوی زمانی کوردی و داوای زیادکردنی لە وەزیری پەروەردەی تورکیا کرد.