ئەردۆغان: لە هەولێر راوێژی زۆر بەرهەمدار، ئەرێنی و راستگۆیانەمان کرد

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند لە هەولێر راوێژی بەرهەمداریان کردووە. جەختیشیکردەوە بەم نزیکانە کاریگەرییەکانی ئەو گەشتە دەبینرێن.
 
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گوتی: "لە سووریا بەهۆی ئەو بەڵێنانەی هاوپەیمانانمان پێیانداوین و جێبەجێیان نەکردووە، لە کات و ساتی خۆیدا ئەو کارەمان تەواو دەکەین کە بە نیوەچڵی ماوەتەوە. تا ئەوکاتەی پەکەکە لە عێراق و سووریا ژینگەی مانەوەی هەبێت، ئێمە هەستناکەین لە ئاسایشداین".
 
ئەردۆغان گوتی، لە ماوەی داهاتوودا "گورز لە سەرچاوەی رێکخراوی تیرۆرستیی جوداخواز دەدەین کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق و سووریا، مەودای جووڵەیان بەرتەسک بووەتەوە".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە سەردانەکەی بۆ عێراق کرد و گوتی سەردانەکە "لە رووی ئەنجامەکەی و پەیامەکانی، گرنگیی مێژوویی هەبوو. لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێی تەوەرە هاوبەشەکانمان کرد، لە سەرووی هەموویانەوە ئاسایش، گواستنەوە، وزە و ئاو. بە 27 رێککەوتننامە کە لە بوارە جیاجیاکان واژۆمان کردن، تاجمان خستە سەر سەردانەکەمان."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ عێراق کە ئێستا 20 ملیار دۆلارە، "دەمانەوێ زیاتری بکەین."
 
هاوکات، ناساندنی پەکەکەی لەلایەن حکومەتی عێراق بە رێکخراوی قەدەخەکراو، لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بە  "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبرد: "پێمانگوتن کە ئێمە چاوەڕێین پەکەکە بە رێکخراوی تیرۆریستی بناسێندرێت."
 
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەردۆغان گوتی: "لە دوای کۆبوونەوەکانی بەغدا، چووینە هەولێر و لەوێش راوێژی زۆر بەرهەمدار، ئەرێنی و راستگۆیانەمان کرد".
 
هەر لەبارەی ئەنجام و کاریگەرییەکانی ئەو سەردانە، ئەردۆغان گوتی: "پشتیوان بەخوا بەم نزیکانە کاریگەرییەکانی گەشتەکەی عێراقمان دەبینین."
 
رۆژی 22-4-2024 شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد. سەردانەکەی ئەردۆغان لە پاش 13 ساڵ هات؛ دوایین جار کە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵی 2011 بوو. ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو.