کەمترین رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ئامەد بووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راپۆرتی وردەکارییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریکردن لە ئامەد 67.3٪ بووە، کە ئەمەش کەمترینە لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان. 
 
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا دوای قۆناخی مافی تانەلێدان، رۆژی دووشەممە، 6-5-2024، راپۆرتێکی تایبەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانی بڵاوکردەوە. 
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا کە راپۆرتەکەی بڵاوکردەوە، رایگەیاند: "رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی گەورە شارەوانییەکاندا 78.1٪ بووە." لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری لە 30 گەورەشارەوانی کرا؛ جەهەپە 14، ئاکپارتی 12، دەم پارتی 3 و سەرلەنوێ رەفاهـ یەک گەورەشارەوانییان بردەوە.
 
یەکێک لەو تەوەرانەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵوەستەی لەسەر کردووە، رێژەی بەشداریکردنی خەڵکە لە گەورەشارەکاندا. بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی گەورەشارەوانیی ئامەد 67.3٪ بووە کە کەمترین رێژەی بەشدارییە لە ئاستی 30 گەورەشارەوانیی تورکیا. 
 
هەروەها بەرزترین رێژەی بەشداربوون لە گەورەشارەوانیی مانیسا بووە، کە 84.9٪ بووە. 
 
ئەحمەد یەنەر هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک شارەوانیدا 47 ملیۆن و 867 هەزار و 134 دەنگدەر تۆمارکرابوون و 78.1٪یان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.
 
رۆژی 31ـی ئاداری 2024 لە 81 پارێزگادا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵبژێردران.
 
جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیادا 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و بە 37.77٪ بە یەکەم بوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانیی بەدەستهێنا. 
 
ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بە رێژەی 35.49٪ دووەم بوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا. 
 
دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو، کە سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا. 
 
مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ 4.99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ و بە رێژەی 6.19٪ تەنیا دوو شارەوانیی بردەوە.