کڵچدارئۆغڵو: لە 15ـی ئایاردا فەرمانی لێکۆڵینەوە لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ دەدەم
رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، فەرمانی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی دەستکاریکردن لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ دەدات.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئایاری 2023، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و باسی لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ کرد.
کەمال کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە 15ـی ئایاردا فەرمانی لێکۆڵینەوە لە "تۆمەتەکانی دەستکاریکردن لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ" دەدات.
سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت پۆستێکی خۆی وەبیرهێنایەوە کە لە 18ـی تشرینی دووەمی 2022 بڵاویکردبووە و تێیدا نووسیبووی، "هۆشداری بە وەبەرهێنەرە بچووکەکان دەدەم. تۆ دەچیتە ناو بازاڕی بۆرسە بۆ ئەوەی پاشەکەوتەکانت بەهۆی هەڵاوسانەوە لەدەستنەدەیت، بەڵام چەواشەکاریی راستەقینە ئەو بەها هەڵئاوساوانەیە کە دەیبینیت. بەداخەوە ئێوە دەبنە نێچیر".
کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، "لە بۆرسە دزییان لە هاووڵاتیانمان کرد. وەبەرهێنەرە بچووکەکان رووبەڕووی ئۆپەراسیۆنێکی بێ وێنە بوونەوە. زۆر خەمبارم، هەوڵمدا ئاگادارتان بکەمەوە، بەڵام کەسانێک هەبوون گوێیان لێ نەگرتم و گاڵتەیان پێکردم. خۆیان خۆش بن. ئەوەی لە ئەنجامی دەستکاریکردنەکە دزراوە، کۆی دەکەینەوە. لە 15ـی ئایاردا فەرمانی لێکۆڵینەوە لە بۆرسە دەدەم."