لە یەک رۆژدا 651 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا روویانداوە

07-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا 9 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی نیسانی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا کە 6ی نیسان بوو، 651 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 1047 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، لە 24 کاژێری رابردوویشدا شۆفێری 19 هەزار و 654 ئۆتۆمبێل لە رێگەی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییەوە سزادراون و سزای پێبژاردنیش بۆ 37 هەزار و 130 شۆفێر نووسراوە.
 
عەلی یەرلیکایا داوای لە هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان کرد لە رێگە سەرەکییەکاندا خۆیان لە تیژڕۆیی و سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بەدوور بگرن و نەبنە هۆکاری ئەوەی خۆشیی جەژن ببێتە شین.
 
تورکیا رۆژی 10ی نیسانی وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکردووە و دوو رۆژیشە پشووی 9 رۆژەی جەژنی رەمەزان دەستیپێکردووە.
 
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە تورکیا و هاونیشتمانیان لە باکووری کوردستان بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی رەمەزان گەشت دەکەن. بەو هۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و فڕۆکەخانەکاندا دروستبووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەمساڵ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن بە رێگەی وشکانی و بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی کەسی خۆیان و پاسە گەشتیارییەکانی نێوان شارەکان و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بکەن.
 
به‌گوێره‌ی ئامارە فەرمییەکان، پار لە پشووی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە حه‌وت ملیۆن كه‌س له‌ رێگه‌ی پاسه گەشتیارییە‌كان، دوو ملیۆن كه‌س له‌ رێگه‌ی ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌تییه‌كانیان و یەک ملیۆن كه‌سیش به‌ رێگەی ئاسمانی گه‌شتیان کرد.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پلانی ئەمنی و سەلامەتی رێگەوبانەکانی راگەیاندووە و دەڵێت، بۆ رۆژانی پشووەکە 210 هەزار و 440 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی ئەرکدارکردووە و لەسەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا بەسەر 22 هەزار و 800 تیم دابەشکراون و رۆژانە هەشت هەزار و 612 تیم بە 65 هەزار کارمەندەوە لە ئەرکدا دەبن. 30 هێلیکۆپتەر، 417 درۆن و 300 سەگی مەشقپێکراو بۆ ماوەی 24 کاژێر لە ئەرکدان.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش کردووە و لە 18 هەزار شوێندا تیمی تەندروستی و ئەمبوڵانسی گەڕۆکی خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی تەندروستی و رووداوی هاتوچۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە