رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی راپرسییەک لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا بکات و ئەنجامەکەشی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرزبکاتەوە.
لەسەر داواکاریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، رێکخستنەکانی ئەو حیزبە دوای جەژن راپرسییەک لەبارەی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەن.
راپرسییەکە 40 پرسیار لەخۆدەگرێت و سێ لە پرسیارەکان ئەمانەن: تا چەند لە شارەوانییەکانی ئاکپارتی رازیت؟ بۆچی بەشداریت لە هەڵبژاردندا نەکرد؟ چاوەڕوانیت چی بوو؟
شەوی 31ـی ئاداری 2024 دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ئەنجامەکەیان بەدڵ نییە و گوتی، هەر کەسێک هەڵەی کردبێت و کەموکوڕی هەبێت رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر دەکرێت.
سەرۆکی ئاکپارتی گوتی، "یان هەڵەکانمان دەستنیشان دەکەین و ریزەکانمان تۆکمە دەکەینەوە یان وەک بەفر لەژێر تیشکی خۆردا دەتوێینەوە."
رۆژی 31ی ئاداری 2024، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵبژێردران.
لە هەڵبژاردنەکەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیادا 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و بە 37.77٪ بە یەکەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانیی بەدەستهێنا؛ ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بەرێژەی 35.49٪ دووەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا؛ دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو کە سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بردەوە. مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ 4.99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ و بەرێژەی 6.19٪ تەنیا دوو شارەوانیی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ