لە ئیستەنبووڵ موختارێک لەسەر میرات سێ کەسی کوشت


رووداو دیجیتاڵ

دەمەقاڵێی چەند خزمێک لەسەر دابەشکردنی میرات لە نووسینگەیەکی پارێزەرانی ئیستەنبووڵ شەڕی لێکەوتەوە و لە ئاکامدا سێ کەس کوژران و دووی دیکەش برینداربوون.
 
رووداوەکە لە نووسینگەیەکی پارێزەریی ناوچەی کارتاڵی ئیستەنبووڵ روویدا. بەپێی گوتەی شایەتحاڵان ئەو خزمانە نەگەیشتوونەتە سازان لەسەر دابەشکردنی ئەو میراتەی بۆیان ماوەتەوە و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبووە.
 
سەرەنجام ئەحمەد ساڵح کە لە پارێزگای یاڵۆڤا موختارە، دەمانچەی دەرهێناوە و تەقەی لە 5 خزمی خۆی کردووە. لە ئاکامدا 3 لەو خزمانەی کە دووانیان ژنن، دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و دووانەکەی دیکەش گەیێنراونەتەوە نەخۆشخانە. 
 
ئەحمەد ساڵحی تەقەکەر کە تەمەنی 61 ساڵە، رایکردووە و خۆی گەیاندووەتە یاڵۆڤا، بەڵام بەر لەوەی بگاتەوە ماڵەکەی لەلایەن پۆلیسەوە قۆڵبەستکرا و ئەو دەمانچەیەش کە تەقەی پێکردووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەرداگیرا.