بەهۆی نووسینی گوتارێك جەنگیز چاندار دادگایی دەکرێت

07-04-2016
بژار حەکیم
..
..
نیشانەکردن جەنگیز چاندار
A+ A-

 رووداو - هەولێر

لەسەر بڵاوکردنەوەی گوتارێک لەبارەی سەرۆککۆماری تورکیا و شکستەکانی ئاکپارتی، دادگای لێکۆڵینەوەی ئیستەنبوڵ لێکۆڵینەوە لە نووسەری بەنێوبانگی تورکیا جەنگیز چاندار دەکات، ئەگەر تۆمەتەکانیش وەک ناوزڕاندن ئەژمار بکرێن چاندار نزیکەی چوار ساڵ زیندانی دەکرێت. ئەوەش دوای رۆژێك دێت لە وازهێنانی چاندار لە كاری رۆژنامەڤانی.

رەسەن رەمزی، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە7-4-2016 جەنگیز چاندار، نووسەر و رۆژنامەڤانی تورکیا بەتۆمەتی نووسین و ناوزڕاندنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئیستەنبوڵ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

پەیامنێری رووداو گوتیشی "لێکۆڵینەوەی دادگا لەگەڵ جەنگیز چاندار دوای ئەوەدێت، کە لە ماڵپەڕێكی تورکیا ناوبراو بابەتێکی رەخنەئامێزی لەبارەی ئەردۆغان بڵاوکردووەتەوە".

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، جەنگیز چاندار رەتیکردووەتەوە نووسینەکەی لەبارەی سەرۆککۆماری تورکیا ناوزڕاندن بێت و ئەمڕۆش لەدادگای لێکۆڵینەوەی ئیستەنبوڵ ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە خراوەنەتە پاڵی.

چاندار لە 26-2- 2016 گوتارێکی بەناونیشانی "ئەردۆغان شەڕی PKK دەکاتە بیانوویەک بۆ شاردنەوەی شکستەکانی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکان" نووسی و هاوکات لەسەر 7 گوتاری دیکەش لەدادگا سکاڵا دژی تۆمارکراوە.

دادگا بەپێی یاسای ژمارە 299ی سزادانی تورکیا كار لەسەر دۆسیەكە دەكات، ئەگەر تۆمەتەکە لە دادگا بەسەر چاندار ساخببێتەوە، نزیکەی چوارساڵ زیندانی دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە 6-4-2016 دوای 40 ساڵ لە کاری رۆژنامەڤانی، جەنگیز چاندار ماڵئاوایی لە پیشەکەی کرد.

دوای داخستنی ماڵپەڕی رادیکاڵ، کە یەکێک بوو لە ماڵپەڕە بەنێوبانگەکانی تورکیا و جەنگیز چانداریش لەو ماڵپەڕە نووسینەکانی خۆی بڵاو دەکردەوە، دەستهەڵگرتنی لە پیشەی رۆژنامەڤانی راگەیاند.

لە دواین گوتاریدا بەناوی "ماڵئاوا" کە لەدواین کارەکانی ماڵپەڕەکە بوو، چاندار باسی لە داخستنی ماڵپەڕی رادیکاڵ و بارودۆخی ئێستای تورکیا کردووە دەڵێت "رۆژێک هەر کاری رۆژنامەڤانیم کۆتایی دەهات، بۆیە کۆتاییهاتنی بەم شێوەیە کارێکی ئاساییە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە