تورکیا 3 مانگ باری نائاسایی بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزەکە راگەیاند

07-02-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ئەو 10 پارێزگایە راگەیاند کە بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەریان هەبووە. 
 
لە دووەم رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا باری نائاسایی راگەیاند. 
 
ئەردۆغان گوتی: "ئەو بوومەلەرزەیە کە کارەساتێکی زۆر گەورەیە و رووبەڕوومان بووەتەوە، پێویستی بە رێوشوێنی زۆر هەیە. 10 پارێزگای وڵاتەکەمان کە بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر هەبوون، بە ناوچەی کارەسات رادەگەیەنین. بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروباری تیمەکان و گەیاندنی هاوکاری، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بڕگەی 119ی دەستوور پێیداوین، باری نائاسایی رادەگەیەنین. باری نائاسایی 10 پارێزگاکە دەگرێتەوە و ماوەی 3 مانگ دەخایەنێت." 
 
ئەردۆغان: 3549 کەس گیانیان لەدەستداوە
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن لە کارەکانیان بەردەوامن و گوتی: "نەک تەنیا لە مێژووی کۆماریماندا، بەڵکو دووچاری یەکێک لە گەورەترین کارەساتی ناوچەکە و جیهان بووینەتەوە. تەواوی کارمەند، ستاف، ئۆتۆمبیل و تواناکانی دەوڵەت دەستبەکار بوون و لە کارەکانیان بەردەوامن. ئێستا 53 هەزار و 317 کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری لە باڵەخانە رووخاوەکاندا کاردەکەن. بێگومان پشتیوانییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەم ژمارەیە زیاتر دەکات. دابینکردنی گەرمکەرەوە و شوێنی حەوانەوە هەنگاو بە هەنگاو کاری زیاتری لەسەر دەکرێت." 
 
سەبارەت بە دوایین ئامارەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تا ئێستا 3 هەزار و 549 گیانلەدەستدان هەیە؛ هەروەها 22 هەزار و 168 بریندارمان هەن. زیاتر لە 8 هەزار هاووڵاتیمان لە ژێر داروپەردوودا دەرهێناوە. ئەو رزگارکراوانەی بریندارن، دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی مێرسین، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و پارێزگاکانی دیکە. ئەو پرسە نیشتمانییەی رامانگەیاندووە تا رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت. ئەو هۆتێلانەی ئێستا پشوویان بە چالاکییەکانیان داوە، بۆ حەواندنەوەی لێقەوماوان سوودیان لێ وەردەگیرێت. تەنیا لە ئەنتالیا ئێستا 50 هەزار بێد ئامادەن." 
 
ئەردۆغان: لەگەڵ 18 سەرۆک وڵات و سەرۆک حکومەت قسەمکردووە
 
سەبارەت بە هاوکاریی وڵاتان و ناوچەکان بۆ تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە 70 وڵات و 14 دامەزراوەی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و کۆمەک نیشانداوە؛ گوتیشی لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ 18 سەرۆکی وڵات و سەرۆک حکومەتدا قسەی کردووە و سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە پەیوەندییان کردووە و نامەیان ناردووە، یانیش راگەیێندراویان لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
 
لە رۆژی بوومەلەرزەکەوە بەرپرسانی باڵای تورکیا لە زۆربەی لێدوانەکانیاندا باس لە بوونی هەواڵی نادروست دەکەن. ئەردۆغان گوتی: "لەکاتێکدا دەوڵەت و گەل دەستیان خستووەتە نێو دەستی یەکدی بۆ ئەوەی بەسەر ئەم کارەساتەدا زاڵ بین، لە نزیکەوە چاودێریی ئەو کەسانە دەکەین کە هەوڵدەدەن بە هەواڵی نادروست دووبەرەکی دروستبکەن و خەڵکەکەمان رووبەڕووی یەکدی بکەنەوە. رۆژی ئەوە نییە دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەواندا بکەین، بەڵام کە رۆژی خۆی هات، ئەو لاپەڕانەیان بۆ هەڵدەدەینەوە. داواکارانی گشتیمان رێکاری پێویست بەرامبەر بەو کەسانە دەگرێتە بەر کە پشێوی لە نێو کۆمەڵگەدا دروستدەکەن." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە