رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان دەڵێت لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەسەر پەکەکە و پەنابەرانی سووریا قسەیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە کادیرەکانی دیکەی یەپەگە چەکەکانیان دابنێن و بچنە نێو دەسەڵاتی نوێی سووریا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7-1-2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن قسەی کرد و لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان گوتی، "پێشووتر سەرەڕای هەڵوێستی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنمان لە دژی یەپەگە ئەنجامداوە و ئەگەر یەپەگە داواکانمان جێبەجێ نەکات، دووبارە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین".
فیدان لەبارەی هەسەدە: پێویستە حکومەتی نوێی سووریا ئەمە چارەسەر بکات
فیدان سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی: "ئێمە وەکو دەوڵەت ساڵانێکە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین. ئێستا لەگەڵ واقیعی نوێدا، بە سیناریۆی جیاوازەوە بەردەوامین لەسەر ئەو رێگەیە. ئێستا پێویستە حکومەتی نوێ لە سووریا خاوەنداریی ئەو کێشەیە بکات و هەنگاوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاک و وڵاتەکە بنێت. ئەمە چاوەڕوانیی ئێمەیە".
هاکان فیدان: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حکومەتی پێشوون
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرش و بۆردوومانی نەکردووەتەوە سەر حکومەتی نوێی سووریا، بەڵکو کەرەستەی سەربازی و بنکەکانی سەر حکومەتی پێشووی لەنێوبردووە، چونکە ئەو هێزەی حکومەتی ئێستا پێکدەهێنێت، هەر چەکی سووکی هەیە و لەم کاتەدا هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکات.
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا سەرەڕای ئەمریکاش، تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر سووریا دەکات؟ هاکان فیدان گوتی: "قسەی کۆتایی کە پێمان داون روونە. ئێمە لە رێگەی ئەمریکییەکان و راگەیاندنیشەوە پێمانڕاگەیاندوون، یەپەگە، ئەوانەی لە تورکیا، ئێران و عێراقەوە چوون، کە چەکداری تیرۆریستی نێودەوڵەتین، دەبێت بڕۆن. پێویستە کادیرانی پەکەکە وڵات جێبهێڵن. ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەمە نابینین. لەڕاستیدا هیچ نیازێکی وەهاش نابینین و چاوەڕێشین".
هاکان فیدان راشیگەیاند، ئەگەر هەسەدە نەیەوێت ئۆپەراسیۆن لەلایەن تورکیا یانیش لەلایەن حکومەتی نوێی سووریا بکرێت، مەرجەکان روونن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ