رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لەو سەردانەدا سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە."
دەشڵێت، لە دیدارەکاندا، "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ دەکرێت."
مەسرور بارزانى، سهرۆكوەزیرانی ههرێمى كوردستان دوای گەیشتنی بە ئەنقەرە، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهدا، "گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا".
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی بۆ دوو پرس لە تورکیایە کە بریتین لە تاوتوێکردنی رەوشی و سووریا و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، کاژێر 14:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەر لە دیداری لەگەڵ ئەردۆغان، کاژێر 12:00 سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات. لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکان هیچ زانیارییەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین جار لە 20ـی حوزەیرانی 2023 لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ