راپرسییەک: ئیمامئۆغڵو دووبارە بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵدەبژێردرێتەوە

07-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی ORC بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسیی لەبارەی دەنگی بەربژێرەکانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دووبارە بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵدەبژێردرێتەوە.
 
ناوەندی ORC لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە، لە رۆژانی نێوان 25ی کانوونی یەکەمی 2023 تاوەکو 3ی کانوونی دووەمی 2024 بە شێوەیەکی راستەوخۆ پرسیاریان لە 5100 کەس لە ئیستەنبووڵ کردووە.
 
وەکو نەریتێکی باو لە تورکیا، سەرجەم هەڵبژاردنەکان رۆژی یەکشەممە دەکرێن. ناوەندەکە پرسیاری کردووە، "ئەگەر یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بە کامە بەربژێری گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەدەیت؟ لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و بەربژێرێکی هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپەیە."
 
بەپێی ئەنجامی ناوەندی ORC، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو 40.8%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 40.2%ی دەنگەکان و دەنگی خۆڵەمێشیش 19.0% بووە.
 
رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2023 سانجار ئۆزەر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای مێترۆپۆڵ MetroPOLL، کە بە بەنێوبانگترین کۆمپانیای ئەو وڵاتە لەبارەی راپرسییەکان دادەنرێت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەهێزترین بەربژێرە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ. ئەگەر ئیمامئۆغڵو هەڵبژاردنەکە بباتەوە، گومان لەوەدا نییە لە هەڵبژاردنی 2028دا بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بەربژێر دەبێت و بەم ئاستەی ئێستای و بنکە جەماوەرییە فراوانەکەی، دەبێتە سەرۆککۆمار."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە