لە دوو رۆژدا نزیکەی پێنج هەزار داواکراو لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستگیرکران

07-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی پێنج هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دادگەکانەوە داواکرابوون.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2024) عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە دوو رۆژدا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ئابڵۆقە" کە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا بەڕێوەچوو، چوار هەزار و 853 تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە، دەستگیرکران. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، 40 تۆمەتبار زیاتر لە 10 ساڵە داواکراون، 33 تۆمەتبار زیاتر لە پێنج ساڵە، چوار هەزار و 780 تۆمەتباریش 1-5 ساڵە بە تۆمەتی جیاوازەوە داواکراون.
 
لەنێو تۆمەتبارە داواکراوەکان، 867 کەس بە تۆمەتی دزیکردن، 355 کەس بەتۆمەتی فێڵکردن و ساختەکاری، 167 کەس بەتۆمەتی تاڵانکردن، 53 کەس بە تۆمەتی کوشتن، 123 کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، 948 کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، 66 کەس بە تۆمەتی تیرۆر، 532 کەس بەتۆمەتی قاچاخچیێتیکردن بە کۆچبەران و 1742 کەسی دیکەش بە تۆمەتەکانی دیکە داواکراو بوون. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بەهاوبەشی تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و هەواڵگری ناوخۆ لەماوەی 48 کاژێردا جێبەجێکرا و، تۆمەتبارەکان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و نوێکردنەوەی دۆسییەکانیان، رادەستی دادگە دەکرێن بۆ سزادانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە