رووداو دیجیتاڵ
تووشبوون بە کۆرۆنا لە تورکیا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد. وەزیری تەندروستیی تورکیا، رایگهیاند رێکاری نوێ بۆ کەرەنتنیکردنی تووشبووانی کۆرۆنا دەگرنەبەر، دەشڵێت هێشتا بڕیاریان نەداوە پرۆسەی خوێندن رابگرن.
فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانستی وڵاتهكهی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
کۆجا رایگەیاند سەرنجیان خستووەتە سەر ماوەی کەرەنتینکردن بۆ دۆخی ئێستا و بڕیاریان داوە رێکاری نوێ رابگەیێنن و دەڵێت: "دیاریکردنی ماوەی حەوت رۆژ بۆ کەرەنتینکردنی تووشبووە پۆزەتیڤەکان. ئەوانەی لە رۆژی حەوتەمدا نیشانەی سووک یان ھیچ نیشانەیەکیان پێوە دیار نییە کۆتایی بە کەرهنتینهکەیان دەھێندرێت. ئەگەر تووشبووە پۆزەتیڤەکان لە رۆژی پێنجەمدا پشکنینیانکرد و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بوو ئەوە کۆتایی بە کەرەنتینکردنیان دەھێندرێت".
سەبارەت بەو کەسانەی هەرسێ قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە و تووشی کۆرۆنا بوو، وەزیری تەندروستیی تورکیا گوتی: "ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان ھەبووە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا قورچکی سێیەمی ڤاکسینیان لەخۆیان داوە یان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەوە کەرەنتین ناکرێن".
وەزیری تەندروستیی تورکیا، باسی لەو بڕیارانەش کردووه. کە لەبارەی خوێندن لەناو پۆلدا دەریانکردووە و دەڵێت: "خوێندنی ناوپۆل لە خوێندنگاکانمان بەردەوام دەبێت. تاکو سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتەکەمان دانەخرێت خوێندنگاکانمان داناخرێن. بە پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە درێژە بە خوێندن دەدرێت".
گۆڕاوی ئۆمیکرۆن گەیشتووەتە تورکیا و ژمارەی تووشبووان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ریکۆردی تۆمارکردووە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامەد هۆشداری دەدات لە زیادبوونی رادەبەدەری توەشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەڵێت، تووشبوونی رۆژانە نزیکبووەتەوە لە 100٪.
دکتۆر جیهان تەکین، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامەد رۆژی پێنجشەممە 6-1-2022 رایگەیاند: "لەماوەی هەفتەیەکدا تووشبوون بە کۆرۆنا لە تەواوی تورکیا بەشێوەیەکی مەترسیدار هەڵکشاوە. دوایین ئامار کە دوێنێ بڵاوکرایەوە ئەوە دەردەخات کە 66 هەزار و 467 کەس لە سەرانسەری وڵاتدا تووشی کۆرۆنا بوون. بەداخەوە لە ئامەد تووشبوونی رۆژانە لە 100٪ نزیکبووەتەوە".
جیهان تەکین رایگەیاند: "هەفتەی رابردوو تەوشبوون لە هەر 100 هەزار کەس، 18 کەس بوو، بەڵام لەم هەفتەیەدا لە هەر 100 هەزار کەس، تووشبوونی 45 کەس بە کۆرۆنا تۆمارکراوە. رێژەکە زۆر مەترسیدارە و بەردەوام هۆشداری بە هاونیشتمانییان دەدەین بۆ بەستنی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسین و پاراستنی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی".
جەختی لەوەشکردەوە، بەهۆی سەرماوسۆڵە، خەڵکی لە ناوچەی داخراودا کۆدەبنەوە و قەرەباڵغی دروست دەکەن، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی تووشبوون بەخێرایی تەشەنە بکات.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستاندا، 417 هەزار و 787 پشكنينى ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) کراوە، ئهنجامی پشكنینی 66 هەزار و 467 كەس پۆزەتيڤ بووه. 143 تووشبووش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گيانیان لەدەستداوە و 29 ههزار و 316 تووشبووش چاكبوونهتهوه.
رێژهی ئهو كهسانهی تهمهنیان لهسهرووی 18 ساڵانە و قورچکی یهكهمی ڤاكسینیان وهرگرتووه 91٪ـه و ئهوانهی قورچکی دووهمیان وهرگرتووه گەیشتووەتە زیاتر لە 83٪. هەروەها ژمارهی ئهو قورچکانەی تائێستا له توركیا بهكارهێنراون، 134 ملیۆن و 195 ههزار و 65 قورچکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ