ئەردۆغان: رێگە بە دامەزراندنی قەوارەی تیرۆر لە باکووری سووریا و عێراق نادەین

06-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا و گوتی: "رێگە بە دامەزراندنی هیچ جۆرە قەوارەیەکی تیرۆر لە باشووری تورکیا و باکووری سووریا و عێراق نادەین". 

ئێوارەی چوارشەممە، 6ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئاسایی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی، کە زیاتر لە سێ کاژێری خایاند، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ئەردۆغان لە بارەی پرسی پەکەکە و هەسەدە گوتی: "بەسەرکەوتوویی ستراتیژییەتی لەناوبردنی تیرۆر لە سەرچاوەکانییەوە جێبەجێ دەکەین. ئارامی و سەقامگیریی باڵی بەسەر ئەو ناوچانەی باکووری سووریا کێشاوە کە لە تیرۆریستان پاککراونەتەوە." 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر تەلرەفعەت کرد و گوتی: "پەنا بەخوا هەر ئەو ناوچانەی نزیکی سنوورەکەمانن و تیرۆریستان تێیدا گردبوونەتەوە، دەیانکەینە ناوچەی ئارام، بەتایبەتی تەل رەفعەت". 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ئەردۆغان گوتی: "هەر لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ-قوفڵ لە باکووری عێراق، تیرۆریستە جوداخوازەکانمان لە سنوورەکانمان دوورخستووەتەوە. هاوکات ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینەکانمان هۆکارە بۆ زیادکردنی گوشارەکانمان بۆ سەر تیرۆریستان. تیرۆریستان لەناو سنوورەکانماندا گەیاندووەتە خاڵی نەمان". 
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "سوورین لە ریشەکێشکردنی تیرۆر کە 40 ساڵ لەمەوبەر بووە بەڵایەکی گەورە بۆ سەر میللەتەکەمان، لێرەوە جارێکی دیکە پەیامێک ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە لە رێگەی پشتیوانیکردنی تیرۆر هەوڵی گوشارخستنە سەر وڵاتەکەمان دەدەن، بەدڵنیاییەوە رێگە بە دامەزراندنی هیچ جۆرە قەوارەیەکی تیرۆر لە باشووری تورکیا و باکووری سووریا و عێراق نادەین".
 
ئەردۆغان هەڕەشەی لەو لایەنانە کرد، کە هاوکاریی پەکەکە دەکەن و گوتی: "هەست بە هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز دەکەین، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانمان تووشی شکستی گەورە بووە. زۆر باش دەزانین کێ چی کردووە و لەگەڵ کێ کار دەکات. سڵ ناکەینەوە لەوەی شەوێک لە ناکاو بێین و ئەم سیناریۆیانە شکست پێ بهێنین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە