لەنێو پەرلەمانی تورکیا شەڕەبۆکس دروستبوو

06-12-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دووەمین رۆژی دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023، رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، شەڕ لەنێوان پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و ئیی پارتیدا دروستبوو.
 
بەر لەوەی دەست بە گوتارەکەی بکات، ئومێد بەیاز، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاکپارتی دەمەقاڵێی کرد و هەردوو لا قسەیان بە یەکدی گوت. دواتریش دەمەقاڵێکە لەنێوان پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و ئیی پارتی گەورەتر بوو. 
 
حەیدەر ئاکار، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کە دانیشتنەکەی بەڕێوەدەبرد، بۆ ماوەی 10 خولەک دانیشتنەکەی وەستاند، بەڵام گرژییەکە دانەمرکایەوە و چەند پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی و ئیی پارتی بە بۆکس کەوتنە گیانی یەکدی. 
 
زەفەر ئشک، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی بورسا، بە بۆکس لە حوسێن ئۆرس، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی ترابزۆن دا. ئۆرس کە نەخۆشیی دڵی هەیە، سەری شکا و بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانە. ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران دۆخەکەیان ئارام کردەوە.
 
ئەنگین یاڵتای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، پەرلەمانتارەکەی ئیی پارتی بە تایبەت و بە مەبەست لێیدراوە و گوتی، زەفەر ئشک "لە دوورەوە و بە تایبەت هات و هێرشیکردە سەر حوسەین ئۆرس و بە بۆکس لە چاو و بەشەکانی دیکەی رووخساری دا. ئەمە بە رێکەوت نەبووە و بە پیلان بووە".
 
زافەر ئشک، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆیی پەرلەمانی تورکیا، بەهۆی ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر پەرلەمانتارێک، وەکو سزا لە دوو دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا ناتوانێت بەشداری بکات. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە پەرلەمانتارەکەی ئیی پارتی لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە