لە تورکیا لەشفرۆشی لە چوارچێوەی یاسادا وەک پیشە ناسێنراوە

 
رووداو - ئامەد

لە تورکیاش وەک چەندین وڵاتی جیهان ماڵی تایبەت بە لەشفرۆشی هەن. بەپێی یاسا بە شێوەیەکی سنووردار بە پیشە ناسێنراوە. ئەو کۆمەڵگە سێکسی و بازرگانانەی ئەو کارە دەکەن، دەبێت باج بە حکومەت بدەن و لە شفرۆشەکانیش هەفتەی دوو جار سەردانی پزیشک بکەن. ئەو ژنانەی لەو کۆمەڵگە سێکسییانەدا کاردەکەن دەڵین، ئێستا فشاریان لەسەر زۆر بووە.
 
 هەر لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لە تورکیا یاسای کۆمەڵگەی تایبەت بە سێکس جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لەو یاسایە ئەوە بووە کە دەستدرێژی لەنێو کۆمەڵگەدا کەمبکەنەوە و تاوەکو ئاستێکیش بەربەست بۆ تووندوتیژی دژی ئافرەتان دابنێن. 
 
بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە لە جیهاندا لەشفرۆشی بە یەکێک لە دێرینترین پیشەکان دادەنرێت. لەم سەردەمەشدا هەر وڵاتێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کارە یاسا و دەستووری تایبەتیان داناوە.
 
لە وڵاتانی وەک هیندستان و بولگاریا یاسای لەشفرۆشی نییە، بەڵام وڵاتانی وەک کۆریای باکوور، ئەمریکا و چین لەشفرۆشییان وەک پیشە قەدەخەکردووە.
 
لە وڵاتی تایلەندیش لەشفرۆشی بە فەرمی قەدەخەیە و سزای قورس بۆ بازرگانانی ئەو کارە و لەشفرۆشان دانراوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە گەشتیاریی سێکس لەو وڵاتەدا داهاتێکی زۆری هەیە و لەشفرۆشی لە دەرەوەی یاسا دەکرێت.
 
تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەشفرۆشی لە چوارچێوەی یاسایەکدا بە سنوورداری ئازادکراوە و وەک پیشە ناسێنراوە، بەڵام ئەو سەربەستییە تەنیا بۆ ئەو کۆمەڵگە سێکسی و لەشفرۆشانەیە کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە. هەروەها دەبێت ئەو کۆمەڵگەی سێکسی و بازرگانانەی خەریکی ئەو کارەن، باج بە حکومەت بدەن و لەشفرۆشەکانیش هەفتەی دوو جار سەردانی کۆمیسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە زایەندییەکان بکەن و بچە لای پزیشک.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستانیش لە دەرەوەی کۆمەڵگەی تایبەت بە لەشفرۆشی، کارەکە بە تاوان دادەنرێت، بەپێی یاسای سزادانی تورکیا، ژمارە 5237 بە ناوی بەرنگاربوونەوەی بەدڕەوشتی، ئافرەتانی بیانی ناتوانن لە تورکیا لەشفرۆشی بکەن. ئەو ئافرەتەیشی دەیەوێت ئەو کارە بکات، دەبێت هیچ نەخۆشییەکی نەبێت.
 
لە ساڵی 2018دا 40 هەزار ئافرەت بە فەرمی داواکارییان بۆ لەشفرۆشی پێشکەشی حکومەت کردووە و چاوەڕێن بەڵگەنامەکەیان بۆ بێتەوە تاوەکو پیشەی لەشفرۆشی بکەن.
 
ئەو ئافرەتە لەشفرۆشانەی لە ئامەدن، هەموویان خەڵکی شارەکانی دیکەی تورکیان و هاتوون لەوێ ئەو کارە دەکەن. ئەو ئافرەتانە بە نرخێک کە لەنێوان شەش بۆ 10 دۆلاردایە، رۆژانە لەگەڵ دەیان پیاودا دەمێننەوە. دەرچووی زانکۆیشیان تێدایە و هەموویشیان منداڵدارن. ئەو ئافرەتانە گلەییان لەو مەرجانە هەیە کە بەسەریاندا سەپێنراون.
 
س. س. لەشفرۆشێکی ئامەدە و دەڵێت "سیستەمەکە زۆر گۆڕاوە، ئەوە دوو ساڵە فشارمان لەسەر زیاتربووە و ناتوانین کارەکەمان بە دڵی خۆمان بکەین. ناتوانین مۆسیقا لێبدەین و لەگەڵ موشتەرییەکاندا تێکەڵییەکی ئەرێنیمان هەبێت. کاری ئێمە هەر دامرکاندنەوەی موشتەرییەکانە. ئەو بارودۆخەی ئێمەی تێدایە بۆ کارکردنمان نەگونجاوە. تەنانەت ناتوانین پێبکەنین، پێکەنینیشمان لێ قەدەخەکراوە. سزای سەختمان بۆ دەبڕدرێتەوە و دەست بەسەر سامانماندا دەگیردرێت".
 
س. چ. کە لەشفرۆشێکی دیکەیە و بۆ ئەو کارە هاتووەتە ئاماد، ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە لێرە وەک خێزانێکین، تێکەڵیی ناوخۆییمان زۆر باشە، بەڵام ئەوە دوو ساڵە فشارمان لەسەر زیاتربووە. ئێمە بە بەدڕەوشت دادەنرێین و ئەوەیش وایکردووە موشترییەکان لێمانبکشێنەوە".
 
لەشفرۆشان دەڵێن، ئێمە رووبەڕووی ئەم چارەنووسە بووینەتەوە، هەرچەندە حکومەت بە فەرمی مافی ئەو کارەی داوینەتێ، بەڵام بەڵام ئەو یاسایانەی بەسەرماندا دەسەپێنرێن کارەکەمان سەختتر دەکەن و ئەوەیش لەبەرئەوەیە کە بەدڕەوشتی لە دەرەوە زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت.
 
س. س. کە لەشفرۆشێکی دیکەیە، ئاماژە بەوە دەکات "من چوار برازام هەیە، هەروەها دایکم و براکەیشم نەخۆشن و لە ماڵدا کەوتوون. من دەمەوێت دواڕۆژێکی باشیان بۆ دابینبکەم، بۆیە ئەم کارە دەکەم. ئەم کارە کارێکی زشتە، بەڵام من ئەم کارەم پەژراندووە. من دەمەوێت ئەو کارەی دەیکەم، ئەوان لەبیری بکەن. دەمەوێت منداڵەکانم و برازاکانم بەباشی پەروەردەببن و ژیانی خۆیان مسۆگەربکەن؛ من خۆمم بۆ ئەوان کردووەتە قوربانی".
 
س. چ. لەبارەی کارەکەیانەوە دەڵیت "برەوی کارەکەمان زۆر دابەزیوە، چونکە ئێمە ناتوانین بە دڵی خۆمان کاربکەین، دەترسین و نیگەرانین کە هەر رۆژەی ئابڕوومان کەمدەبێتەوە و ئیتر موشتەرییەکان خۆیان لێمان بەدووردەگرن".
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەرتیی گشتیی ئاسایش، لە تورکیا 15 هەزار لەشفرۆش هەن کە بەڵگەنامەی یاساییان بۆ کراوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەوە 85 هەزار کەسی دیکە ئەو کارە بە نهێنی دەکەن. زۆر جار ئەو بەدڕەوشتییە بێکونترۆڵە دەبێتە هۆی نەخۆشیی قورس، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو ئافرەتانە ناویان لە حکومەت تۆمارنەکراوە، یان دەستدرێژییان دەکرێتەسەر، یان لەلایەن خێزان و موشتەرییەکانیانەوە دەکوژرێن.
 
د. د. لە کۆمەڵگەی سێکسیی ئامەددا خاوەنی 12 ماڵە، زیاد لە 40 ئافرەت لە بەردەستی ئەودا لەشفرۆشی دەکەن. ئەو لەو باوەڕەدایە کە لەشفرۆشیی فەرمی رێگری لە زۆر کڕیاری تووندوتیژ و دەستدرێژی دەکات.
 
د. د. کە خاوەنی ماڵی لەشفرۆشییە ئاماژە بەوە دەکات "ئەم ناوەندە سێکسییانە لە کۆمەڵگەدا جێیەکی تایبەتیان هەیە. ئەو کەسانەی دەروونیان نائارامە، دێنە ئێرە و هێوردەبنەوە و ئەوەش بەرگری لە دەستدرێژی دەکات. بۆیە ئەوانەی لە رووی دەروونییەوە باش نین، لێرە چارەسەردەبن و ئەگەری تووشبوونیان بە تاوان کەمتر دەبێتەوە. بەڕاستی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر تێکچووە، ئەو هەواڵانەی دەیانبیستین و لە تەلەڤزیۆنەوە دەیانبینین دڵمان دەکوڵێنن کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵان".
 
د.د. داوا لە حکومەت دەکات کە گۆڕانکاری لە یاساکەیاندا بکات، چونکە ئەو یاسایە کۆن بووە و بۆ ئەم سەردەمە ناشێت. 
 
ئەو ئافرەتەی خاوەنی ماڵە لەشفرۆشییەکان دەڵێت "یاساکەمان هی سەردەمی عوسمانییەکانە و زۆر کۆنە. لە ساڵانی 1830دا ئامادەکراوە. دەبێت ئەو یاسایە بگۆڕدرێت و دۆخی ئێمە ڕوونتر ببێتەوە. دیواری ناوەندەکانمان زۆر بڵندە و زیانمان بۆ کۆمەڵگە نابێت و کەس گوێی لە دەنگمان نابێت. بۆیە دەبێت دەستکاریی یاساکەمان بکرێت".
 
بەلای مافناسانیشەوە یاسای کۆمەڵگە لەشفرۆشییەکان لەم سەردەمەدا لەگەڵ ئامانجەکانی خۆیدا یەکناگرێتەوە، چونکە ئامانجی یاسای 5237 و بەڵگەنامەی یاسایی دەیەوێت ئەو ئافرەتانە نەمێنن و بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشییە.
 
زافەر گوور، مافناسێکی ئامەدە و ئاماژە بەوە دەکات "ئەو یاسایە وەڵامی ئەم سەردەمە ناداتەوە. ئامانجەکەی پاراستنی ئافرەتان و رێگریکردن لە لەشفرۆشییە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە ئەو یاسایە ناتوانێت ئەو ئافرەتانە بپارێزێت و ئەو ژنانەی لەشیان دەفرۆشن لەو یاسایە سوودمەندنابن".
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە 15 ساڵی رابردوودا کۆمەڵگە لەشفرۆشییە فەرمییەکانی شارەکانی ئەرزڕۆم، دیلۆک، ئەنقەرە، خارپێت، قەیسەری و زۆنگولداخ داخراون. لە کۆمەڵگەی فەرمیی لەشفرۆشیی ئامەدیشدا لە دوو مانگی رابردوودا چوار ماڵ داخراون و رێژەی ئەو کۆمەڵگە لەشفرۆشییانە هەر لە کەمیدایە، بەڵام چالاکڤانان، بەبێ ئەوەی ئامارێکی فەرمییان لە بەردەستدا بێت، پێیانوایە کە لەشفرۆشی لە دەرەوە لە زیادبووندایە.
 
رەجەب ئۆرووچ، هاوسەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی لە شارەکانی باکووری کوردستان لە زیادبووندان. هەروەها بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریش زیاتردەبێت. ئەگەر حکومەت ئەو ناوەندە فەرمییە سێکسییانە دابخات، ئاخۆ بەدڕەوشتی لە دەرەوە زیاتردەبێت یان نا؟ پێویستە هەردووکیان پەسەندنەکرێن، چونکە دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتن".
 
لە ساڵی 2013دا پەرلەمانی ئەوروپا لەشفرۆشیی خستە ناو لیستی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و پێشێلکردنی مافەکانیان.