سەرۆکی نوێی جەهەپە بۆ ئەردۆغان: لەمەودوا بەدەست جەهەپەوە زۆر نیگەران دەبیت

06-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی نوێی جەهەپە وەڵامی رەخنەی سەرۆککۆماری تورکیا دەداتەوە کە گوتبووی "ئەمانە هیچ جیاوازییەکیان نییە" و دەڵێت: "ئەردۆغان لەمەودوا بەدەست جەهەپەوە زۆر نیگەران دەبێت". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پارێزگای ریزە لەبارەی کۆنگرەی جەهەپە و هەڵبژاردنی ئۆزگور ئۆزەل، گوتبووی: "بای بای کەمال [کەمال کڵچدارئۆغڵو] بە کێی گوت بای بای؟ بە دەمیرتاشی سەردەستەی تیرۆرستانی گوت کە لە ئەدیرنەیە. بە کاڤاڵاشی گوت بای بای. ئەی باشە ئەو زاتەی کۆنگرەکەی بردەوە سڵاوی لە کێ کرد؟ ئەویش سڵاوی لە سەلاحەدین دەمیرتاش و کاڤاڵا کرد. یەکێکیان بگرە و لەوی دیکە بدە! ئەمانە هیچ جیاوازییەکیان هەیە؟ نەخێر".
 
شەوی رابردوو، 5ـی تشرینی دووەمی 2023، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دوای دەرچوونی لە هۆڵی کۆنگرەی پارتەکەی، وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانی دایەوە؛ لەبارەی رەخنەکانی ئەردۆغان، گوتی: "لەمەودوا هەموو رۆژێک بۆ ئەردۆغان سەخت و دژوار دەبێت، بۆ ئێمەش مۆراڵی زیاتر دەبێت. لە گوشار و نیگەرانییەکانی ئەردۆغان تێدەگەم. دەزانم چەندە گوشاری لەسەرە، با لەمەودوا بەهۆی جەهەپە بەردەوام نیگەران بێت. بەدەست جەهەپە زۆر نیگەران دەبێت". 
 
دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێرا. 
 
دەنگدان بۆ سەرۆکی جەهەپە لە گەڕی یەکەمدا یەکلانەبووەوە و کەوتە گەڕی دووەم. بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە؛ ئۆزگور ئۆزەل 812 دەنگ و کەمال کڵچدار ئۆغڵو 536 دەنگی بەدەستهێنا، بەمەش سەردەمی دەسەڵاتی کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی ئەو پارتە، کۆتاییهات. 
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە