پەرلەمانتارێکی دیکەی ئیی پارتیی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کێشە نێوخۆییەکانی ئیی پارتی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و کۆنگرەی نائاسایی ئەو پارتەش بەردەوامن. پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی ئەو پارتە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند؛ بەوەش تەنیا 31 پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لەنێو پەرلەماندا ماون.
 
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئەیلوولی 2024 دورسون ئاتاش، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی قەیسەری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بڵاوکردەوە.
 
دورسون ئاتاش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "دەستلەکارکێشانەوەم لە ئیی پارتی بۆ رای گشتی رادەگەیێنم. لەمەودوا وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کار دەکەم."
 
تاوەکو ئێستا 13 پەرلەمانتاری ئیی پارتی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە. ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشەنەر ، سەرۆکی ئەو کاتی پارتەکە کرد دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
رۆژی 27ـی نیسانی 2024، ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەست و موساوات دەرویشئۆغڵو بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.
 
سەرەڕای بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە بەردەوامن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی یۆزگاتی بردەوە و یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی لە هەموو تورکیادا بەدەستهێنا کە رێژەی 3.77٪ی دەنگەکان بوو.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگی بەدەستهێنا و بە رێژەی 9.68٪ـی دەنگەکان بووە خاوەنی 44 کورسی پەرلەمان.
 
دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە وایکردووە ئێستا ئیی پارتی خاوەنی تەنیا 31 کورسی پەرلەمان بێت.