لە ئیستەنبووڵ کچێک لەکاتی نەشتەرگەریی لووت گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

کچێکی تەمەن 20 ساڵان لە ئیستەنبووڵ لەکاتی نەشتەرگەریی لووتدا گیانی لەدەستدا، ماڵباتەکەی سکاڵایان لە دژی پزیشکەکە تۆمار کردووە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
 
ئەو کچە تەمەن 20 ساڵانە ناوی هەڤال پەکگۆزە، خوێندکاری بەشی دەرمانسازییە لە زانکۆی ماڕماڕا لە ئیستەنبووڵ، لەژێر نەشتەرگەریی لووت، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دوای 20 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 04-09-2024 گیانی لەدەستدا.
 
بە گوتەی کەسە نزیکەکانی، هەڤال پەکگۆز بەهۆی بوونی گۆشتی زیادە لە لووتی، کێشەی هەناسەدانی هەبووە و ویستوویەتی لەڕێی نەشتەرگەرییەوە کێشەکە چارەسەر بکات.
 
بەگوێرەی راپۆرتی سەرەتایی، هەڤال لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە. ماڵباتی ئەو کچە، پزیشکی نەشتەرگەر تۆمەتبار دەکەن بەوەی خەمساردیی لە بابەتەکەدا کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە.
 
فەرهاد پەکگۆز، باوکی هەڤال رایگەیاند، دوای ئەوەی کچەکەی تووشی جەڵتە بووە، ئەو پزیشکە کەمتەرخەم بووە لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە. بە گوتەی باوکی، هەڤال لە دوو نەخۆشخانەدا وەرنەگیراوە و سێیەمین نەخۆشخانە وەریگرتووە کە ئەوکاتەش کار لە کار ترازاوە.
 
هەڤال دوای 20 رۆژ مانەوەی لە چاودێریی چڕ، گیانی لەدەستداوە. ئۆزلەم پەکگۆز، دایکی هەڤال رایگەیاند، پزیشکان خەمسارد بوون لەوەی کچەکەی تووشی بووە و بابەتەکەیان بە جیددی وەرنەگرتووە.
 
لەسەر سکاڵای ماڵباتی پەکگۆز، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئیستەنبووڵ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.