ئەردۆغان بۆ یۆنان: کاتێک دەڵێین شەوێک لەناکاو دێین، ئەوە خەو نییە

06-09-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو-هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە جەختی لە هەڕەشەکانی بۆسەر یۆنان کردەوە و گوتی، کاتی هات، شەوێک لەناکاو دەچنە یۆنان. ئەم گوتەیەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە ئەنقەرە هەڕەشەکانی دژی ئەسینا زیادکردووە. 
 
رۆژی 28-8-2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی 23-8-2022 کاتێک ئێف 16کانی تورکیا بە ئاسمانی دەریای ئیجەد فڕیوون، لە لایەن یۆنانەوە هەراسانکراون. وەک وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئەو هەراسانکردنە لەڕێگەی سیستمی بەرگریی ئێس 300ی رووسییەوە لە دوورگەی گیریتەوە کراوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 3-9-2022 لە گوتارێکدا لە پڕۆگرامی تەکنۆفێست-2022 کە لە سامسون رێکخرابوو، باسی لەوە کرد کە یۆنان هەڕەشە لە فڕۆکەکانیان دەکات و گوتی: "ئەی یۆنان! سەیری مێژوو بکە، بگەڕێوە بۆ مێژوو، ئەگەر زۆر لەمە زیاتر بڕۆیتە پێشەوە، باجەکەی قورس دەبێت. ئێمە یەک رستەمان بۆ یۆنان هەیە و پێی دەڵێین: ئیزمیر لەبیر مەکە. تورکیا ئێستا لای ئەو وڵاتانەی گەیشتوونەتە ئاستێکی باش لە پێشکەوتن، خۆی سەلماندووە. ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە کە دوورگەکانتان داگیرکردوون. هەر کە کات و کاژێری خۆی هات، ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. ئەها کە دەڵێین شەوێک لەناکاو دێین".
 
رۆژی سێشەممە 6-9-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا لە سارایڤۆی پایتەختی بۆسنیا، پرسیاری ئەوەی ئاراستەکرا کە ئایا تورکیا بەنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە بۆ سەر یۆنان؟ سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی دایەوە و گوتی، ئەگەر یۆنان بەردەوام بێت لە هەڕەشەکانی، ئارامگرتنی ئەوانیش کۆتایی دێت. گوتیشی، هەڕەشەکانی یۆنان بۆ سەر فڕۆکەکانی تورکیا خێری بەدواوە نایەت.
 
ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بەدەر لەوەی مێژوویێکی دوورودرێژیان هەیە، چەند رەهەندێکی جیاوازیشیان هەیە. دوورگەکانی سەر دەریای نێوەڕاست، قوبرس، کۆچ و پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا چەند بابەتێکن کە تورکیا و یۆنان خاڵی ناکۆکیان لەبارەیانەوە هەیە. 
 
نێوانی تورکیا و یۆنان لە 1974 بە کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە قوبرس لە لایەن تورکیاوە قووڵتر بوونەوە، تاوەکو ئێستاش سنووری ئاویی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە. ئەمە لەکاتێکدایە یۆنان بە فەرمی و لەڕێگەی پەیماننامەوە 12 دوورگەی سەرەکی لەو سنوورانە بەدەستهێناوە و بە فەرمی خستوونیەتییە سەر خاکی وڵاتەکەی. بەشێک لەو دوورگانە لە تورکیاوە بە چاو دەبینرێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە