ژمارەیەک پایسکلسواری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەوری دەریاچەی واندا گەڕان

06-09-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ژمارەیەک پایسکلسواری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەوری دەریاچەی واندا گەڕان
ژمارەیەک پایسکلسواری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەوری دەریاچەی واندا گەڕان
A+ A-

رووداو-هەولێر

ژمارەیەک پایسکلسواری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چوونە شارۆچکەی عادیلجەوازی سەر بە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان و گەشتێکیان بە چواردەوری دەریاچەی وان ئەنجامدا.
 
هێلیا عەلی شاهێدی، پایسکلسوار دەڵێت: "لە ئێرانەوە هاتووم. بە پایسکیلەکانمان لە سنوور تێپەڕین و ئێستاش لە عادیلجەوازین. 300 کیلۆمەتر رێگەمان بڕیوە. ئێرە زۆر خۆشە. ئەمە جاری دووەممە بێمە ئێرە".
 
ئەو پایسکلسوارانە لەگەڵ چالاکییەکەیاندا پەیامی پاکڕاگرتنی ژینگەشیان بڵاوکردەوە، هەروەها خەڵکیان هۆشیارکردەوە لەوەی کە دەریاچەی وان پاکڕابگرن. پایسکیلسواران دەڵێن، خەڵکی وان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێدەکەن و ئەمە وایکردووە درێژە بەو چالاکییانەیان بدەن. 
 
محەممەد عەلی شەهەدی، پایسکیلسوار گوتی: "ئەمە جاری دووەمە بە پایسکلی خۆمان دێینە تورکیا. سەرەتا بەشداریمان لە فیستیڤاڵێکدا کرد و دواتریش سووڕێکمان بە چواردەوری دەریاچەی وان ئەنجامدا. بەشداربووان لە شەش شاری ئێرانەوە هاتوون. ئامانجی ئێمە لەم چالاکییەدا بەهێزکردنی برایەتی و پاراستنی ژینگەیە. دەریاکانمان هەر وەک چۆن جاران شین بوون، هەر بە شین و بێگەردی بمێننەوە".
 
شارۆچکەی عادیلجەواز یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سەر کەناری دەریاچەی وان و ساڵانە گەشتیاری زۆر رووی تێدەکەن. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و گەشتیاریی وان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 226 هەزار و 435 گەشتیار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە سەردانی پارێزگاکە و دەریاچەی وانیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە