تورکیا
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ سەردانی سەربازانی تورکیای کردووە.وێنە: ئاژانسی ئانادوڵو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند هەڵمەتی گەڕان لە حەفتانین لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات".
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە لە تویتەری وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی هێزەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ لە ناوچەی حەفتانینی باشووری کوردستان کۆتاییهاتووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "هەڵمەتی گەڕان و پشکنین لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی پڵنگ لە حەفتانینی باکووری عێراق، کە رۆژی 16ی حوزەیرانی 2020 دەستیپێکردبوو، بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. هێزەکانی کۆماندۆمان چوونە نێو هەموو پەناگە، حەشارگە و ئەشکەوتەکانی ناوچەکە و بنەوانی تیرۆریان تەختکرد".
شەوی 15ی حوزەیرانی 2020، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی "چڕنووکی هەڵۆ" دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی حەفتانین راگەیاند. هەروەها رۆژی 16ی هەمان مانگیش ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بە ناوی "چنگی پڵنگ" راگەیاند و هێزەکانی بە مەودای 45 کیلۆمەتر هێنایە نێو سنووری هەرێمی کوردستان.
راگرتنی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ رۆژێک دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هات بۆ ئەنقەرە. کە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان. سەرۆککۆماری تورکیا و مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە لەشكركێشی توركیا بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت: "نیگەرانین بەو رووداوانە و لە رێگەی كۆنسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و لێرەش لە كۆبوونەوەكان باسكراوە".
حەسەن ئۆزگونەش، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە پێیوایە پێگە و دیبلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە بە گرنگ زانی و بە (رووداو)ی گوت: "ئەو دەتوانێت رۆڵی سەرەکی بگێرێت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان. پەیامی ئەوان کاریگەری دەبێت، چونکە بەڕێزیان لە رووی دبلۆماسییەوە پێگەیەکی گرنگیان هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ