بەم هاوینە پێشبینی دەکرێت لە 36 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران ببارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بارانبارین 9 پارێزگای باکووری کوردستان بگرێتەوە و دەڵێت، "پێنج رۆژ دەخایێنێت."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پێشبینییەکانی ئەمڕۆ شەممە 6ی تەممووزی 2024ی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە 36 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران دەبارێت.
9 لەو پارێزگایانە لە باکووری کوردستانن، کە بریتین لە جۆلەمێرگ، ئاگری، ئیدر، ئەرزەڕۆم، ئەرزینگان، ئەردەخان، قەرس، دێرسم و مەرەش.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەو 9 پارێزگایەدا تێکڕای پلەی گەرما لەنێوان 33-36 پلە دەبێت و بارانبارینەکەش کاریگەری ئەوتۆی نابێت و نابێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما.
پلەی گەرما لە بەشێکی دیکەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرزترە و لەنێوان 36-41 پلەدا دەبێت، وەک ئامەد.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، بارانبارینەکە لە ئەمڕۆ شەممەوە دەستیپێدەکات و پێشبینی دەکرێت 5 رۆژ بخایەنێت.