بەم هاوینە پێشبینی دەکرێت لە 36 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران ببارێت

06-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بارانبارین 9 پارێزگای باکووری کوردستان بگرێتەوە و دەڵێت، "پێنج رۆژ دەخایێنێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پێشبینییەکانی ئەمڕۆ شەممە 6ی تەممووزی 2024ی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە 36 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران دەبارێت.
 
9 لەو پارێزگایانە لە باکووری کوردستانن، کە بریتین لە جۆلەمێرگ، ئاگری، ئیدر، ئەرزەڕۆم، ئەرزینگان، ئەردەخان، قەرس، دێرسم و مەرەش.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەو 9 پارێزگایەدا تێکڕای پلەی گەرما لەنێوان 33-36 پلە دەبێت و بارانبارینەکەش کاریگەری ئەوتۆی نابێت و نابێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما. 
 
پلەی گەرما لە بەشێکی دیکەی  پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرزترە و لەنێوان 36-41 پلەدا دەبێت، وەک ئامەد. 
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، بارانبارینەکە لە ئەمڕۆ شەممەوە دەستیپێدەکات و پێشبینی دەکرێت 5 رۆژ بخایەنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە