تەواوی ئەندامانی خێزانێکی سووریایی لە تورکیا بە خنکێندراوی دۆزرانەوە

06-05-2024
هێمن عەساف
هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی لە نزیک ماڵی قوربانییەکان
هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی لە نزیک ماڵی قوربانییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای کیلیس لە باشووری تورکیا، خێزانێکی سووریایی کە لە پێنج کەس پێکهاتبوون، بە خنکێندراوی دۆزرانەوە. باوکی منداڵەکان بە دەم و دەست بەستراوی لە ژوورێکی خانووەکەدا هەڵواسرابوو. 
 
لەسەر داوای کەسوکارەکانی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024) پۆلیسی پارێزگای کیلیس، دەرگەی خانووی خێزانێکی کۆچبەری سووریایی لە گەڕەکی نەدیم ئۆکمان لە کیلیس شکاند. لەنێو خانووەکەدا تەرمی پێنج ئەندامی خێزانەکە بە خنکێندراوی دۆزرایەوە کە لە سێ منداڵ و دایکیان پێکهاتبوون. 
 
یوسف کوارەی باوکی منداڵەکان کە کرێکار بووە و لە باڵەخانەیەکدا کاری دەکرد، بە دەست و دەم بەستراوی و بە هەڵواسراوی لەنێو هۆڵی خانووەکەدا دۆزرایەوە.
 
لە ژوورەکەی دیکەشدا تەرمی مەروەی هاوژینی یوسف، ئەمینەی تەمەن 6 ساڵ، عەبدۆی تەمەن 6 ساڵ و عەلی تەمەن 5 ساڵ بەخنکێندراوی دۆزرانەوە. 
 
تەرمی هەر پێنج هاووڵاتییە سووریاییەکە رەوانەی دادپزیشکی نەخۆشخانەی گشتیی کیلیس کران.  
 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و تاوەکو ئێستا نەزانراوە رووداوەکە خۆکوژی بووە لەنێو خێزانەکەوە، یان رووداوی کوشتنی بە کۆمەڵی خێزانەکە بووە.
 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە