هەڵاوسان لە تورکیا زیاتر بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی بۆمۆنتی لە ئیستەنبووڵ زیاتر چینەکانی هەژار و مامناوەند بۆ کڕینی سەوزە و میوە رووی لێدەکەن، خەڵک لە بەرزبوونەوەی نرخ نیگەرانن، بەشێک حکومەت و بەشێکیش خەڵک بە هۆکار دەزانن.
 
زافەر گولەر، سەوزەفرۆش دەڵێت، "لەبارەی هەڵاوسان! نرخ کەمێک بەرزە. خەڵک خۆی هۆکارە، چونکە هەموو شتێکیان بەدڵ نییە. هەر بەدوای کوالێتیی بەرزدا دەگەڕێن. هەربۆیە نرخ فڕیوە."
 
هەندێک لە بازاڕەکان کە جاران جمەیان دەهات لە کڕیار، ئێستا کڕیاریان کەمبووەتەوە؛ خانەنشینێک باس لە کاریگەریی هەڵاوسان دەکات.
 
ریتا ئەزەل، خانەنشین دەڵێت، "ئەو مووچەیەی وەریدەگرم لە 10 رۆژدا هیچم پێ نامێنێت. لەمە خراپتر روودەدات؟ نەخێر."
 
ئەو ئامارانەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا بڵاویاندەکاتەوە، دۆخی خراپی ئابووری نیشاندەدەن، بەڵام خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە دۆخەکە خراپترە.
 
زۆربەی کاسبکاران دەڵێن، بۆ زانینی هەڵاوسان پێویستیان بە ئامار نییە.
 
یوکسەل چنار، سەوزەفرۆش باس لەوە دەکات، "ساڵانی هەشتاکان بە تەنیا کارم دەکرد و چوار کەسم بەخێودەکرد. ئێستا چوار کەس کار دەکەین، خۆمان بۆ بەڕێوەناچێت. هەڵاوسان بەگوێرەی چی رادەگەیێنن، نازانم! با بێنە ئێرە. ئەو ئابووریناسانەی بە بۆینباخەوە لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن قسە دەکەن، با بێن و ئەم بازاڕە ببینن."
 
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە مانگی ئاداردا هەڵاوسان 61.14% بووە؛ مانگی نیسان گەیشتووەتە 96.97%.