پلاستیک هەڕەشە لە تورکیا دەکات

 
 
رووداو - هەولێر 

هەناردەی پاشماوەکان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ تورکیا بەخێرایی پەرەدەسێنێت و لە کۆنترۆڵ دەرچووە، بە جۆرێک هاوردەکردنی ئەو ماددە پلاستیکییانە لەلایەن تورکیاوە ئەو وڵاتەی گەیاندووەتە لێواری قەیرانێکی گەورەی ژینگەیی و هەروەها دروستکردنی مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی دانیشتووانەکەی.
 
رەجەب کارامان، بەرپرسی کۆمەڵەی کۆکەرەوەکانی پاشماوەکانی سەر شەقام لە تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، "گەورەترین پێشێلکاری بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ هەڕەشەکانی سەر تەندروستی و ژیانی مرۆڤن. ئێستا وڵاتانی ئەوروپا ئەم تاوانە لە رێگەی ناردنی پاشماوەی پلاستیک بۆ وڵاتەکەی ئێمە وڵاتانی دیکەوە دەکەن، ئەمە پێشێلکارییە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ."
 
بەرپرسی کۆمەڵەی کۆکەرەوەکانی پاشماوەکانی سەر شەقام لە تورکیا هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی گەورە لەو وڵاتە دەدات و دەشڵێت، روودانی ئەو کارەساتە بە کاتەوە پەیوەستە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەوروپا لە ناردنی ئەو ماددە زیانبەخشانە بۆ تورکیا بەردەوامە، بە تەنیا ئەم کارە لەگەڵ تورکیا ناکات، بەڵکو هەمان شت بەرامبەر بە وڵاتانی دیکەی دەرەوەی سنووری ئەوروپا دەکات، ئەمەش بە تەنیا لە پێناو پاراستنی ژینگەی خۆیان.
 

رەجەب کارامان دەڵێت، "لۆژیکی وڵاتانی ئەوروپا ئەوەیە با ژینگەی خۆمان درووست و سەلامەت بهیڵینەوە، وڵاتانی دیکەمان بەلاوە گرنگ نییە. مەترسییە پلاستیییەکانی ئەوروپا بە تەنیا بۆ سەر تورکیا هەڕەشە نین، بەڵکو بۆ سەر چەندین وڵاتی دیکە هەڕەشەن. ئەو پاشماوانەی ئەوروپا هەناردەیان دەکات کەمتر بەکاردەهێنرێنەوە، ئەم پاشماوانە مەترسییان هەیە و پێویستە رێگرییان لێبکرێت".
 
لە ساڵی 2018دا چین وەک گەورەترین هاوردەکاری پاشماوەی پلاستیکی هاوردەکردنی پاشماوە پلاستیکییەکانی قەدەخەکرد. ئەوەیش وایکرد وڵاتانی دیکە شوێنی چین بگرنەوە و ببنە زبڵخانەی ئەو پاشماوانە، یەکێک لەو وڵاتانەش تورکیایە. 
 
بەپێی راپۆرتی سندووقی جیهانی بۆ ژیانی وشکانی لە ساڵی 2019دا پاشماوە پلاستیکییەکان مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر ژینگەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دروستکردووە. هاوکات تورکیا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێت کە لەم رووەوە رووبەرووی زۆرترین هەڕەشە بووەتەوە. 
 
هاوکات راپۆرتەکە ئەوەشی دەرخستووە کە تورکیا  لە خراپ بەکارهێنانی پاشماوەکان لە ناوچەکدا لەدوای میسر لە پلەی دووەمدا دێت و بەرپرسە لە 18.9%ی ئەو پاشماوانەی لە دەریای ناوەڕاستدا هەن و ئێستا تورکیا چووەتە ریزیبەندیی ئەو 10 وڵاتەی کە زۆرترین پاشماوەی پلاستیکی لە جیهاندا بۆ وڵاتەکەیان هەرناردە دەکەن.
 
سادات گۆندوگدو، لێکۆڵەر لە زانکۆی چوکوروا باس لەوە دەکات، "ئێمە پاشماوەیەکی زۆرمان هەیە و هەروەها ئیدارەدانێکی باشی ئەو پاشماوانەمان لە تورکیا نییە. بۆیەش کاتێک هەموو ئەو شتانە پێکەوە کۆدەکەینەوە، ئەمە وادەکات تورکیا ببێتە پیسترین کەناراو لە دەریای ناوەڕاست".
 
چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیشانی دەدەن کە بە ئاشکرا پاشماوە پلاستیکی و نایلۆنییەکان لە کەناراوەکانی باشووری تورکیا دەرکەوتوون، بەپێی توێژینەوەکان لە رۆژێکدا 31 کیلۆگرام پلاستیک لە کەناراوەکانی تورکیا کۆدەبنەوە.
 
سادات گۆندوگدو دەڵێت، "رێژەی رۆژانەی پلاستیکە نیشتووەکان، مەبەستم ئەوانەی لە کەناری دەریا دەنیشن، لە رۆژێکدا دەگاتە 31 کیلۆگرام. بەڵێ لە رۆژێکدا 31 کیلۆگرام پلاستیک. لە دەریای ناوەڕاستدا ئەمەش بەرزترین رێژەی پلاستیکە".
 

یەکێک لەو وڵاتە ئەوروپییانەی زۆرترین پاشماوەی پلاستیکی هەناردەی تورکیا دەکات، بەریتانیایە. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ژینگەیی بەریتانیا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2018دا ئەو وڵاتە 27 هەزار و 34 تۆن پاشماوەی پلاستیکیی هەناردەی تورکیا کردووە.
 
هاوکات بەدەر لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، ئەمریکاش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئێستا پاشماوەی پلاستیکی هەناردەی تورکیا دەکات، ئەمەش لەدوای قەدەخەکەی چین بۆ هاوردەکردنی پاشماوەی پلاستیکی بۆ وڵاتەکەی.
 
بەپێی چەند راپۆرتێکیش قەبارەی پاشماوە پلاستیکییەکان لە ماوەی دوو ساڵدا لە تورکیا لە 159 هەزار تۆنەوە بۆ 439 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە.
 
لەم دوو ساڵەی رابردووشدا مانگانە 10 کەشتیی پڕ لە پاشماوەی پلاستیکییان لە ئەمریکاوە گەیاندووەتەوە بەندەرەکانی ئەدەنە و ئیستەنبووڵ و هەروەها بە دەیان کەشتیی دیکەش لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە ئەم پاشماوانە دەگەیەننە بەندەرەکانی تورکیا.
 
بەرپرسی کۆمەڵەی کۆکەرەوەکانی پاشماوەکانی سەر شەقام لە تورکیا دەڵێت، "بە تەنیا وڵاتانی ئەوروپی نین، تورکیا پاشماوەی پلاستیکی لە ئەمریکاشەوە هاوردەدەکات. بەڵام زۆرترین رێژەی پلاستیک لە بەریتانیاوە هاوردە دەکرێت. وڵاتە سەرەکییەکان بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیان. ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین پاشماوەی سوودلێنەبینراوی لێ هاوردە دەکرێت. بەدەر لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، تورکیا لە عێراق و ئەمریکاشەوە پاشماوەی پلاستیکی هاوردە دەکات".
 
سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی ژینگەیی تورکیا گومان دەخاتە سەر راست و دروستیی داتاکان بەوەی کەس نازانێت قەبارەی ئەو پاشماوە پلاستیکییانەی دەچنە ئەو وڵاتەوە چەندن و هەروەها لە کوێ هەڵدەگیردرێن.
 
هاوکات هۆکاری هاوردەکردنی پاشماوە پلاستیکییەکانیش بۆ تورکیا هێشتا بۆ زۆر کەس روون نییە و جێگەی پرسیارە.
 
باران بۆزئۆغلو، سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی ژینگەیی تورکیا دەڵێت، "کێشەی سەرەکی نەبوونی شەفافیەتە، چونکە کێشە سەرەکییەکە دەستنەگەیشتنە بە زانیاری و ژمارەکان لەبارەی ئەو پاشماوانەی دێنە تورکیا کە لە کامە وڵاتەوە دێن، لەلایەن کامە کۆمپانیاوە دەهێنرێن، لە کامە وڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە و کۆمپانیاوە دێن و هەروەها بۆچی ئەم پاشماوەیە هەناردەی تورکیا دەکرێت".
 

بەهۆی قەدەخەی هاوردەکردنی پاشماوە پلاستیکییەکانەوە لەلایەن چین، ڤێتنام و هیندستان، خەریکە مەترسیی ئەو پاشماوانە لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بەرەو تورکیا دەگوازرێتەوە.
 
هەروەها هاوردەکردنی ئەو رێژە زۆرەی پلاستیک بۆ تورکیا بە تەنیا مەترسیی بۆ سەر تەندروستی و ژینگەی تورکیا دروست ناکات، بەڵکو هەڕەشە لە پیشەسازیی پلاستیک لە تورکیا دەکات.
 
یاڤوز ئێرئۆغلو، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازیی پلاستیک لە تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت کۆنترۆڵ هەبێت. نوێنەرانی پیشەسازیی پلاستیک لەسەر ئەم پرسە گوشارێکی زرۆیان لەسەر حکومەت دروستکردووە، چونکە ئەگەر سنوورێکی بۆ دانەندرێت، هەم زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، هەم وێنەی پیشەسازی پلاستیکیش لە تورکیا بەگشتی دەشێوێنێت. ئەمەش زۆر خراپ دەبێت".
 
ئەو بۆچوونەی سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازیی پلاستیک لە تورکیا لەلایەن سادات گۆندوگدو، لێکۆڵەر لە زانکۆی چوکورواشەوە پشتیوانی دەکرێت.
 
گۆندوگدو ئەوەی خستەڕوو، "تەنیا بیری لێبکەوە، ئەگەر وڵاتێک نەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەرانە ئەم پاشماوەیە هەڵبگرێت، چی روودەدات؟ ئەم پلاستیکە هاوردەکراوە، ئەگەر بهێنرێتە وڵاتێکی وەک تورکیا و لێرەش نەتوانرێت بەشێوەیەکی کاریگەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەدڵنیاییەوە ئێرە دەبێتە کێڵگەی پاشماوەکان".
 
ئەو کیڵگانەش دەبنە زبڵخانەیەکی گەورە کە بەر لە قەدەخکردنی پاشماوە پلاستیکییەکان لە چین دروستبووبوون. کارامان لەو بڕوایەدایە ئەم زبڵخانەیە لە تورکیا دروستبووە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە و مەترسییەکانیشی دەرکەوتوون.
 
رەجەب کارامان پێیوایە، "ئەگەر رێگری لەمە نەکرێت، ئەو کاتە ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی نزیک ئەم زبڵخانانە لە دایک دەبن، تووشی  کێشەی هەناسەتەنگی دەبن، ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە. هەروەها کێڵگە کشتوکاڵییەکانیشمان پڕ دەبن لە ماددەی کیمیایی مەترسیدار، دواتریش مەترسی لەسەر ئاو دروستدەبێت کە ئاودێریی پێدەکرێت. پێویست بەوە ناکات باس لە مەترسییە کوشندەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ بکەین. ژینگەی ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە".
 
بەشێکی زۆر لەو پاشماوە پلاستیکیانەی لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی تورکیا دەکرێن، دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە، بە جۆرێک لە تورکیا ئێستا 715 کۆگای کۆکردنەوەی پاشماوەکان و هەزار و 135 ناوەندی ریساکڵکردنی پاشماوەکانیش هەن کە زۆربەیان کار لەسەر پاشماوەی پلاستیکی دەکەن.
 
هەڕەشە جیددیەکە ئەوەیە لەگەڵ پاشماوە پلاستیکییە سوود بەخشەکان، هاوکات کۆمەڵێک ماددەی دیکەش هاوردەی تورکیا دەکرێن کە زیانبەخشن و ناتوانرێت سوودیان لێببینرێت. ئەو پاشماوانەش لە تورکیا دەمێننەوە و فڕێدەدرێنە زبڵخانە هەمیشەییەکانەوە.