فاتیح ئەربەکان: پارتەکەمان لە گەورەبووندا خێراترینی تورکیایە

فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی سەرلەنوێ رەفاهـ رایگەیاند، خێراترین پارتی تورکیان لە گەشەکردن و بەرەو دەسەڵات دەڕۆن.
 
سەرلەنوێ رەفاهـ ساڵی 2024 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 6.19٪ـی دەنگەکانی تورکیای بردەوە. ئەو پارتە گەورەشارەوانیی رووها، شارەوانیی یۆزگات و 39 شارەوانیی شارۆچکەکانی بردەوە. بەگوتەی شارەزایان و میدیای ئەو وڵاتە، چاوەڕوانکراو نەبوو.
 
ئەو پارتە ئێستا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەکات کە بڕیارە ئەگەر هیچ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت نەکرێت، 2028 بەڕێوەبچێت.
 
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە (6-4-2025) لە پارێزگای کاستامۆنوی تورکیا بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بە سەرکەوتنی پارتی رەفاهـ کرد کە لەلایەن باوکی (نەجمەدین ئەربەکان)ـوە بەڕێوەدەبرا. 
 
هەروەها گوتی "شەش ساڵ لەمەوبەر، کاتێک پارتی سەرلەنوێ رەفاهمان دامەزراند، مژدەیەکمان بە گەلەکەمان دا. گوتمان ئیدی هیوا و چارەسەر هەن، ئیدی سەرلەنوێ رەفاهـ هەیە. خەڵکیش گوێی لەو بانگەوازەمان گرت. سەرلەنوێ رەفاهـ خێراترین پارتی سیاسیی تورکیایە لە گەشەکردن دا. ئێستا دەڵێین جاران چۆن کردوومانە، دێین و پەنا بەخوا سەرلەنوێ ئەنجامی دەدەین".
 
بەهۆی ئەوەی ساڵی 2023 چووە ریزەکانی هاوپەیمانیی جمهوور و شان بە شانی ئاکپارتی، مەهەپە و هوداپار، وەکو هاوپەیمانیی جمهوور بەشداریی لە هەڵبژاردندا کرد، سەرلەنوێ رەفاهـ تاقی نەکرایەوە. بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە 2024 بەڕێوەچوو، سەرلەنوێ رەفاهـ بە لیستی جیا بەشداریی کرد.
 
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهە، کە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە. فاتیح، کوڕی نەجمەددین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە. نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا. 
 
ناوی سەرلەنوێ رەفاهـ لە پارتی رەفاهی نەجمەددین ئەربەکانەوە وەرگیراوە. سەرلەنوێ رەفاهـ پێشتر لە پارتی سەعادەت جیابووەوە.