رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی جەهەپە تەواو بوو. ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، جەهەپە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە هۆڵی رۆشنبیریی نازم حیکمەت لە ئەنقەرە کرد، لە کۆی هەزار و 323 ئەندام کۆنگرە، ئۆزگور ئۆزەل بە دەنگی هەزار و 171 ئەندام بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە. لە سندووقی دەنگداندا 105 دەنگی پووچەڵ هەبوو.
بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی جەهەپە؛ بەرهان شیمشەک، پەرلەمانتاری پێشوو و ئومیت ئویساڵ، سەرۆکی شارەوانیی مورادپاشا لە ئەنتاڵیا، کشانەوەی خۆیان لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە راگەیاند. بەمەش ئۆزگور ئۆزەل بەتەنیا بەربژێر بوو بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکەی و هەڵبژێردرایەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوی جەهەپە، لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کە لە 60 کەس پێکدێن لەگەڵ لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دیسپلین کە لە 15 کەس پێکدێن، پێشکێشی سەرۆکایەتیی دیوانی کۆنگرە کرد بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدان.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە لە 19ـی ئادارەوە لە گرتووخانەی سینجان لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەرە، ناوی لە لیستی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدایە.
رۆژی 10ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەی تاوانی لە دژی جەهەپە تۆمارکرد و 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2023 کرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی نوێی جەهەپە هەڵبژێردرا، بە کۆنگرەیەکی گوماناوی ناساند.
راشیگەیاند، بە بەرتیل و بەڵێنی پێدانی پۆست و هەڕەشەکردن، ئەندامانی کۆنگرەیان ناچارکردووە دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل بدەن. دەرکەوت، ئەندامە دەرکراوەکانی جەهەپە لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو سکاڵایان پێشکێش کردووە.
رۆژی 12ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا بەڵگەکان دروستن، بەپێی یاسا کۆنگرەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل پوچەڵ دەبێت.
لەمبارەیەوە رۆژی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 104 بەرپرسی شارەوانییەکانیش ناوەستێت، دەیەوێت قەییوم بەسەر جەهەپە دابنێت. بۆ رێگری لەم هەنگاوەی دەسەڵات، رۆژی 6ـی نیسانی 2025 کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە دەکەین.
ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، وەک سەرۆکی جەهەپە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەمان پێیداوم، بەپشت بەستن بە بڕگەی شەشەمی مادەی 48، لە ماوەی 15 رۆژدا کۆنگرەیەکی نائاسایی رادەگەیێنم. داوام لە لیژنەی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەمان کرد هەرچی زووە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە بکات.
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزراوە، کە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.
ئۆزگور ئۆزەل، سیاسەتڤانی تورک کێیە؟
- دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازییە لە زانکۆی ئیجە
- 21ـی ئەیلوولی 1974 لە پارێزگای مانیسا-ی تورکیا لە دایکبووە
- 2007 بە سەرۆکی یەکێتیی دەرمانسازانی تورکیا هەڵبژێردرا
- 2008 بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی دەرمانسازانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژێردرا
- پێنج خول پەرلەمانتاری جەهەپە-یە
- سێ خول بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوو
- 2015 بووە ئەندامی سەرکردایەتی جەهەپە
- 5ـی تشرینی دووەمی 2023 لە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا
- 6ـی نیسانی 2025 لە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە
- لە سەردەمی ئۆزگور ئۆزەل دوای 48 ساڵ جەهەپە بووە یەکەمین پارتی تورکیا لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024
- خێزاندارە باوکی کچێکە بەناوی ئیپەک.
- زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ