رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، چارەسەرکردنی پرسی کورد بە دیموکراسیبوونی تورکیاوە دەبێت و پێویستە لە پەرلەمان کاری بۆ بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەی گوتاری دەستپێکی کۆنگرەی پێشکێش کرد. لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد.
ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند: "جەهەپە وەک چۆن پارتی هەموو تورکیایە، پارتی کوردەکانیشە، بەڵام دەسەڵات ستەم لە کورد دەکات و دژی سەرۆکشارەوانییە کوردەکانە. دەسەڵات یەکەمجار قەیوومی لە دژی کورد بەکارهێنا."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی، سەرۆکی جەهەپە گوتی: "وەک پارتێکی ئاشتیخواز هەمیشە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و نەمانی تیرۆر دەکەین. وەک دەسەڵات نین لەلایەک باس لە ئاشتی بکەین، لەلایەکی دیکە سەرۆکشارەوانییەکی کورد کە لە شارە گەورەکانی تورکیا هەڵبژێردراوە قەیووم و زیندانی بکەین."
سەرۆکی جەهەپە پێیوایە، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیموکراسیبوونی تورکیاوە دەبێت و دەڵێت: "نابێت پرۆسەی چارەسەری و پرسی کورد بە درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات گرێ بدرێت. دەبێ پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت. جەهەپە ئامادەیە هەموو هەوڵێک بخاتەڕوو بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی شەرمەزاری خانەوادەی شەهیدان نەبین."
ئۆزگور ئۆزەل، رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی و دەسەڵات و هاوپەیمانی جمهوور کرد کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهێنەری سەرەکین و گوتی: "ئەو رقەی دەسەڵات لە جەهەپە و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەیەتی، سەرچاوەکەی بۆ شکستیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەگەڕێتەوە. سەرەتا دەستیان بۆ بڕینی بودجەی شارەوانییەکان، بە زۆر سەندنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەردەمی ئاکپارتی برد. دواتر هەفتانە لیژنەی چاودێرییان دەنارد بۆ ئەوەی هەڵەیەک بدۆزنەوە، پاشان هەوڵیان دا دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان رابگرن و داینگەکانیان داخست، دواتر پەنایان بۆ قەیووم برد."
سەبارەت بە پرۆسەی دادگەییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند: "بە تۆمەتی گەندەڵی دادگەیی دەکرێت گوایە دەستی هەبووە لە دزینی دەیان ملیار لیرە، بەڵام لێرەوە تەحەدای دەسەڵات دەکەم بەڵگەیەک بۆ دزینی یەک لیرە بهێنن. هەروەها ئیمامئۆغڵو بە پشتیوانیکردنی تیرۆر تۆمەتبار کردووە و پشتیان بە چەمکی دانووستاندنی شار بەستووە ئەویشیان پێ نەسەلمێندرا. ئەمجارە دەستیان بۆ شایەتحاڵی شاراوە بردووە، دەیانەوێ بەمشێوەیە بیخەنە زیندان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ