وەزیری گەیاندنی تورکیا: لە پشووی جەژندا 11.5 ملیۆن کەس لەنێوخۆدا هاوتووچۆیان کردووە

06-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پشووی جەژنی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا کۆتاییهات. وەزیری گەیاندنی تورکیا دەڵێت، لە رۆژانی پشووەکەدا زیاتر لە 11 ملیۆن و 550 هەزار کەس لەنێوان شارەکاندا هاتووچۆیان کردووە. 
 
5ـی نیسانی 2025، پشووی 9 رۆژەی جەژنی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا کۆتاییهات. لە سبەی دووشەممە 7ـی مانگەوە دەوامی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان دەستپێدەکاتەوە. 
 
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گەیاندنی تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، 11 ملیۆن و 556 هەزار و 899 کەس لە رۆژانی جەژن لەنێوان شارەکاندا هاتووچۆیان کردووە. 
 
وەزیری گەیاندنی تورکیا گوتی، 8 ملیۆن و 425 هەزار و 111 کەس بە ئۆتۆمبێلی خۆیان، 892 هەزار و 810 کەس بە فڕۆکە و دوو ملیۆن و 238 هەزار و 978 کەس بە شەمەندەفەر هاتووچۆیان لەنێوان شارەکاندا کردووە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، 69 هەزار کارمەندی ئاسایش، پۆلیس، جەندرمە و پۆلیسی هاتووچۆی لەو 9 رۆژەد، 24 کاژێر ئەرکدار کردبوو. 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لەو رۆژانەدا دوو هەزار و 46 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 57 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 هەزار و 533 کەس برینداربوون. 
 
لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پاردا، 12 هەزار و 214 رووداوی هاتوچۆ روویاندابوو و بەوهۆیەوە 749 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 هەزار و 626 کەس بریندار بوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە