لە تورکیا گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بە موختار هەڵبژێردرا

06-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە لە 31ـی ئاداری ئەم ساڵ بەڕێوەچوو، لاوێکی تەمەن 18 ساڵ بە موختاری گەڕەکێکی پارێزگای کوتاهیا لە تورکیا هەڵبژێردرا و بووە گەنجترین موختاری ئەم وڵاتە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 6ـی نیسانی 2024، سامەت کۆیون، بەربژێری سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنی موختارەکاندا، مۆری موختاریی لەلایەن قایمقامییەتی شارۆچکەی دۆمانیچ پێدرا و بە فەرمی بووە گەنجترین موختار لە تورکیا و باکووری کوردستاندا. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا؛ سەرۆکی گەورەشارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانیی شارەکان، سەرۆکی شارەوانیی قەزا و ناحیەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان (گەورەشارەوانیی و شارەوانیی شار، قەزا و ناحیەکان) و موختارەکان پێکەوە هەڵدەبژێردرێن. 
 
سامەت کۆیون، کە هاوکات خوێندکاریشە، لەگەڵ 10 بەربژێری دیکە خۆیان بۆ موختاری گەڕەکی هیسار سەر بە شارۆچکەی دۆمانیچ لە پارێزگای کوتاهیا بەربژێر کرد. 
 
سامەت کۆیون بە 160 دەنگ، لە پێشەوەی 10 بەربژێرەکەی دیکەوە هات و بە موختاری ئەو گەڕەکەی کە تێیدا لەدایکبووە، هەڵبژێردرا. لەنێو 10 بەربژێرەکەی گەڕەکەکەدا جاهید دەمیرئۆز، موختاری پێشووی گەڕەکەکەش هەبوو، ئەویش بە 152 دەنگ لە ریزبەندی دووەمدا خۆی گرتەوە و بە ئامادەبوونی لیژنەی قایمقامییەت، مۆری موختاری گەڕەکەکی پێشکێشی سامەت کۆیون کرد. 
 
رۆژی 31ـی ئاداری 2024، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵبژێردران.
 
لە هەڵبژاردنەکەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 50.59٪ی دەنگدەرانی لە رەگەزی مێ و 49.41٪یشیان لە رەگەزی نێر بوون. هەروەها ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگیاندا. 
 
جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیادا 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و بە 37.77٪ بە یەکەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانیی بەدەستهێنا. 
 
ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بەرێژەی 35.49٪ دووەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا. 
دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو کە سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا. 
 
مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ 4.99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ و بەرێژەی 6.19٪ تەنیا دوو شارەوانیی بردەوە.
 
 

 

 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە