گەنجترین سەرۆک شارەوانیی تورکیا تەمەنی 22 ساڵە

رووداو دیجیتاڵ

گەنجترین سەرۆک شارەوانیی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانیی تورکیا لە 31-03-2024، زەینەب چەلیکی تەمەن 22 ساڵانە. چەلیک دوای وەرگرتنی فەرمانی دەستبەکاربوونی، بە فەرمی بووە بچووکترین سەرۆک شارەوانی تورکیا.
 
زەینەب چەلیک وەکو بەربژێری سەربەخۆ بۆ سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی کاڵکمی سەر بە قەزای یەنیجەی پارێزگای چەنەکەڵە چووە ناو هەڵبژاردن و توانی لە بەربژێرانی ئاکپارتی و جەهەپە و مەهەپە و ئیی پارتی بباتەوە.
 
زەینەب چەلیک دوای ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رایگەیاند، "سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم بۆ دەرچوونم هاوکارم بوون و دەنگیان پێدام، بۆیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیم، هەموو رۆژێک کاردەکەم بۆ خزمەتکردنی ناوچەکەمان و بەو شێوەیە قەرزی ئەو کەسە بەڕێزانە دەدەمەوە کە متمانەیان پێدام."
 

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لە کۆی 81 پارێزگا، 11 بەربژێری ئافرەتی سەرۆک شارەوانی ئەم پارێزگایانە، توانیان بەسەر رکابەرەکانیان سەرکەون. جگە لەوەی 75 ئافرەتیش بوونەتە سەرۆکی شارەوانی ناحیەکان.
 
لە کاتێکدا زەینەب چەلیک بە گەنجترین سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی ئەم هەڵبژاردنە دادەنرێت، ئەحمەد تورکی تەمەن 82 ساڵی سەرۆکی شارەوانی مێردینی باکووری کوردستان، بە تەمەنترین سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی ئەم هەڵبژاردنە هەژمار دەکرێت.