ئیی پارتی کۆنگرەی نائاسایی دەبەستێت

06-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی شکستەکانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دا. 
 
چەند رۆژێکە ئەندام و لایەنگرانی ئیی پارتی لە رێگەی لقی رێکخستنی شارەکانەوە گوشار دەکەن بۆ ئەوەی کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت و مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتەکەش دەست لەکاربکێشێتەوە. 
 
رۆژی هەینی 5ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنەکە بڕیاردرا رۆژی 27ـی نیسانی 2024، کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت. 
 
تاوەکو ئێستا مەرال ئاکشەنەر بەربژێربوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هەریەکە لە تۆڵگا ئاکئاڵن، جێگری سەرۆکی ئیی پارتی بۆ کاروباری کۆچ و کۆچبەران و موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە بەربژێر دەکەن. 
 
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە 6ـی نیسان، کورشات زۆرڵو، گوتەبێژی ئیی پارتی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە بەستنی کۆنگرەی نائاسایی حیزبەکەی روونکردنەوە بدات. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە لە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لەسەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77٪ بوو. 
 
ئەوە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگ کە دەیکردە رێژەی 8.82٪ی دەنگەکانی بردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە