جەنگیز چاندار پێشنیازی بەربژێربوونی پارتی چەپی سەوزی بۆ پەرلەمان قبووڵ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگیز چاندار نووسەر و رۆژنامەڤانی تورک پێشنیازی بەربژێربوونی لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا قبووڵ کرد، کە لە 14ی ئایاری ئەمساڵ دەکرێت.
 
جەنگیز چاندار لە دیمانەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی نیسانی 2023 بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند، "زیاتر لە نیوەی تەمەنم بۆ پێکەوەژیانی یەکسان و ئازادانەی تورکیا، تورک و کورد و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد بەسەربردووە. زۆر خۆشحاڵم هەموو وزە و ئەزموونەکەم بخەمە خزمەت گەلەکەمان. تورکیایەکی دیموکراتیک ئامانجی ئێمەیە، پێکەوە سەرکەوتوو دەبین."
 
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کە بەهۆی بەردەوامیی دۆسیەی داخستنی لە دادگەی دەستوور رایگەیاندووە، لەسەر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، بڕیاری دا پێشنیازی بەربژێربوون بۆ جەنگیز چاندار بکات، کە ماوەیەکە لە سوێد نیشتەجێیە و لە زانکۆی ستۆکهۆڵم کار دەکات.
 
بڕیارەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی بەربژێرکردنی پارتی چەپی سەوزەوە بە جەنگیز چاندار راگەیێندرا.
 
چاندار کە بە چاوپێکەوتن و نووسینەکانی تیشک دەخاتە سەر پرسی کورد، خۆشحاڵیی خۆی بە پێشنیازەکەی پارتی چەپی سەوز راگەیاند و قبووڵی کرد.
 
چاوەڕوان دەکرێت جەنگیز چاندار رۆژی هەینی فۆرمی بەربژێربوون لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز پڕبکاتەوە.
 
جەنگیز چاندار نووسەر و رۆژنامەڤانی تورک ساڵی 1948 لە ئەنقەرە لەدایکبووە. ساڵی 1970 بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە.
 
لە ساڵی 1991 تاوەکو 1993 راوێژکاری تایبەتیی تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری ئەوکاتی تورکیا بووە و رۆڵی پێشەنگی هەبووە لە دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان تورگوت ئۆزاڵ و جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دواتر بووە سەرۆککۆماری عێراق.
 
لە ئەیلولی 2021دا کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی کێشەی کورد بەناوی "ئەرکی مەحاڵی تورکیا: شەڕ و ئاشتی لەگەڵ کورد (Turkey’s Mission Impossible: War and Peace with the Kurds)" لە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکاندا بڵاوکردەوە.
 
جەنگیز چاندار زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فەرەنسی دەزانێت و لەم ساڵانەی دواییدا وانەکانی کوردی (کرمانجی)ی وەرگرتووە.