ئەنساریئۆغڵو بۆ رووداو: دەبێ لە تورکیا دەرفەت بە منداڵانی کورد بدرێت وانەی کوردی بخوێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ دەڵێت، پێویستە دەرفەت بە منداڵانی کورد بدرێت کە بە زمانی خۆیان، ئیدی کرمانجی بێت یان زازاکی قسە بکەن و قوتابیانی کوردیش مافی ئەوەیان هەبێت وانەی کوردی بخوێنن.
 
ئەمرۆ سێشەممە، 6ی شوباتی 2024، سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ لە بوولتەنی کاژێر 15:00ی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی رووداو کە لە لایەن هێڤیدار زاناوە پێشکەش دەکرێت، بەشدار بوو و لەبارەی وانەی بژاردەی کوردییەوە رایگەیاند، دەبێ لە تورکیا دەرفەت بە قوتابیانی کورد بدرێت وانەی کوردی هەڵبژێرن و بخوێنن.
 
سالم ئەنساریئۆغڵو گوتی، "لەسەر داوای خۆی، کاتێک قوتابی بیەوێت فێری کرمانجی یان زازاکی بێت، پێویستە دەرفەتی پێ بدرێت. خۆزگە منداڵانی خێزانە تورکەکانیش فێری کرمانجی و زازاکی دەبوون".
 
ئەنساریئۆغڵو باسی گوتەیەکی سولەیمان دەمیرەل، پەرلەمانتار و سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا دەهێنێتەوە و دەڵێت، دەمیرەل پێی گوتووە 15-20 ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین، بۆیە پێویستە خۆی فێری کوردی بکات.
 
ئەنساریئۆغڵو گوتی، "خوا لێخۆشبوو سولەیمان دەمیرەل، کە پێشتر لە خولێکدا پێکەوە پەرلەمانتار بووین، جارێک قسەی کرد و گوتی، ئەگەر جارێکی دیکە لەدایک ببم، دەبێت بەر لەوەی فێری ئینگلیزی ببم، فێری کرمانجی ببم. لێم پرسی، بۆچی؟ گوتی، لەبەر ئەوەی ئێمە فێری ئینگلیزی دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی وڵات قسە بکەین و بازرگانی بکەین، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا 15-20 ملیۆن کەس بە کرمانجی قسە دەکەن، دەبێ بەر لە هەموو شتێک فێری زمانیان ببم بۆ ئەوەی بتوانم راوێژیان لەگەڵ بکەم، قسە بکەم لەگەڵیان، با لە یەکدی تێبگەین، ئینجا فێری زمانی دەرەوە ببم."
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی بازنەی ئیستەنبووڵ پێی وایە، بابەتی وانەی کوردی لە قوتابخانەکان و بەفەرمیکردنی زمان دوو بابەتی جیاوازن و دەڵێت، "سەبارەت بە زمانی فەرمی، ئەوە جێگەی مشتومرە و دەبێ لە رێگەی پەرلەمانەوە بکرێت. ئایا زیانی بۆ دەوڵەت هەیە یان نا؟ ئایا سوودی چییە؟ ئەمە بابەتێکی دیکەیە".

 

 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە پەرلەمانی تورکیادا دەتوانن بۆ زمانی کوردی و وانەی بژاردەی کوردی چی بکەن؟ ئەو پەرلەمانتارە کوردە بە رووداوی گوت، "ئەوەی پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، من تەنیا پەرلەمانتارێکی سەربەخۆم و ئەو هێزەم نییە لە پەرلەمان کاری لەسەر بکەم، بەڵام پارتە سیاسیەکان و سەرکردایەتییەکانیان دەتوانن کۆببنەوە و پێکەوە بڕیارێک لەوبارەیەوە بدەن. دەکرێ بەمشێوەیە چارەسەر بکرێت".
 
ئەنساریئۆغڵو گوتی، کاتێک دەچێتە ئامەد یان کاتێک خەڵکی بۆ راییکردنی کارەکانیان دەچنە ئیستەنبووڵ لای ئەو، دەبینێت کە زۆربەیان کوردی نازانن و گوتی، "گەنج هەیە کە دایک و باوکی کرمانج یان زازان، بەڵام ناتوانێت بە کوردی قسە بکات. پێیان دەڵێم، فێری کوردی ببن؛ هیچ عەیبەیەکی تێدا نییە؛ ئەوە زمانی باو و باپیرانتانە؛ زمانی تورکیش زمانی فەرمیمانە و زمانی فەرمیی دەوڵەتەکەمانە".
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیی پارتی لەسەر زمانی کوردی و خوێندنی کوردی، سالم ئەنساریئۆغڵو کە خۆی پێشتر ئەندامی ئەو حیزبەی تورکیا بووە، رایگەیاند، ئەو ناچێتە نێو ئەو باسەوە بەڵام لە کۆمەڵێک شتدا را و هەڵوێستیان لە یەک جیابووە، بۆیەش لەو حیزبە جیابووەتەوە؛ باسی لەوش کرد کە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرسی کورد و زمانی کوردی کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە کە ئەنجامی ئەرێنیان هەبووە. سالم ئەنساریئۆغڵو گوتی، "ئەردۆغان هەندێک هەنگاوی نا. بۆ نموونە تەلەفزیۆنی کوردی کردەوە، بەڵام بیرۆکراسی (تورکیا) بەردەوامیی نەدا بەو هەنگاوانە. من ئەوە دەڵێم، دەبێ بیرۆکراسی رێگەی بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست نەبێت."
 
سالم ئەنساریئۆغڵو، کە بەهۆی بێ رێزی بە شێخ سەعید دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە و ئێستا پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵە، رۆژی دووشەممە 5ی شوباتی 2024 لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، داوای لە خێزانە کوردەکان کرد منداڵەکانیان وانەکانی کرمانجی و زازاکی وەک وانەی بژاردە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژێرن و رایگەیاند، "لەدەستدانی زمانێک، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە".
 
سالم ئەنساریئۆغڵو نووسیبووی، "ئەمڕۆ قۆناخی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانمان دەستی پێکرد. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو منداڵ و خێزان و مامۆستایان دەخوازم. لە پۆلی 5-6-7-8 منداڵەکانمان مافی وانەی بژاردەیان هەیە لە کرمانجی و زازاکی. پرۆسەی وانەی بژاردە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردووە. داوا لە گەلەکەمان دەکەم وانەکانی زازاکی و کرمانجی هەڵبژێرن. زمانمان بێ خاوەندارێتی نەهێڵین. با منداڵەکانمان لەو وانانە بێبەش نەبن و رێگری لە لەنێوچوونی زمانەکەمان بکەین. لەدەستدانی زمان، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە. با لە رێگەی منداڵەکانمانەوە رێگری لەم لەدەستدانە بکەین."
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ.
 
بەگوێرەی بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، هەر قوتابییەک مافی هەیە تەنیا یەک وانەی بژاردە هەڵبژێرێت. بۆ نموونە، ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێ وانەی زمانی کوردی بخوێنێت. ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا راگەیێندراون، لە ساڵی پەروەردەی 2023-2024 ـدا کۆی گشتیی 23 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. لەو ژمارەیە 20 هەزار و 379 قوتابی وانەی کرمانجی و دوو هەزار و 607 قوتابی وانەی زازاکییان هەڵبژاردووە.
 
پرۆسەی هەڵبژادنی وانەی بژاردە لە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە 30ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە و لە 12 شوباتدا کۆتایی دێت. لەو وادەیەدا قوتابیانی پۆلەکانی 4-5-6 و 7 دەتوانن وانەی کوردی هەڵبژێرن.