ئەنساریئۆغڵو داوا لە خێزانە کوردەکان دەکات وانەی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن

06-02-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ داوای لە خێزانە کوردەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات وانەی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن. 
 
سالم ئەنساریئۆغڵو کە بەهۆی بێڕێزی بە شێخ سەعید دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە و ئێستا پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵە، رۆژی دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لەدەستدانی زمانێک، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە و داوای لە خێزانە کوردەکان کرد منداڵەکانیان وانەکانی کورمانجی و زازاکی هەڵبژێرن. 
 
سالم ئەنساریئۆغڵو نووسیویەتی: "ئەمڕۆ قۆناخی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانمان دەستیپێکرد. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو منداڵ و خێزان و مامۆستایان دەخوازم. لە پۆلی 5-6-7-8 منداڵەکانمان مافی وانەی بژاردەیان هەیە لە کرمانجی و زازاکی. پرۆسەی وانەی بژاردە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردووە. داوا لە گەلەکەمان دەکەم وانەکانی زازاکی و کرمانجی هەڵبژێرن. زمانمان بێ خاوەندارێتی نەهێڵین. با منداڵەکانمان لەو وانانە بێبەش نەبن و رێگری لە لەنێوچوونی زمانەکەمان بکەین. لەدەستدانی زمان، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە. با لە رێگەی منداڵەکانمانەوە رێگری لەم لەدەستدانە بکەین".
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بەفەرمیش نەبێ، بە کردەیی راگیراوە.
 
بەگوێرەی بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا هەر قوتابییەک مافی هەیە تەنیا یەک وانەی بژاردە هەڵبژێرێت. بۆ نموونە، ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێ وانەی زمانی کوردی بخوێنێت. ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت.  
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا راگەیێندراون، لە ساڵی پەروەردەی 2023-2024 ـدا کۆی گشتیی 23 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. لە ژمارەیە 20 هەزار و 379 قوتابی وانەی کرمانجی و دوو هەزار و 607 قوتابی وانەی زازاکییان هەڵبژاردووە. 
 
پرۆسەی هەڵبژادنی وانەی بژاردە لە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە 30ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە و لە 12 شوباتدا کۆتایی دێت. لەو وادەیەدا قوتابیانی پۆلەکانی 4-5-6 و 7 دەتوانن وانەی کوردی هەڵبژێرن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە