ئەردۆغان: ئەوانەی بیر لە کانتۆن دەکەنەوە، باجی زۆر قورس دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە هێزە کوردییەکان و ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند، "ئەوانەی بیر لە کانتۆن و بیرۆکەی جوداخوازی دەکەنەوە، باجەکانیان چەند هێندەی دیکە قورستر دەبێت".
شەوی 6ـی کانوونی دووەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی سەرۆکایەتیی تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە پرسی سووریا و باسی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە کرد. رایگەیاند، "لەژێر هەر پاساوێک بێت رازی نابین بە تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سووریا. هەر جۆرە مەترسییەک ببینین، دەستبەجێ هەنگاوی پێویست دەنێین."
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە دەستەواژەی "شەوێک لەناکاو بەسەریان دا دەدەین"ی بەکارهێنایەوە و گوتی: "ئەو لایەنانەی دەیانەوێت دۆخی ئێستای سووریا بقۆزنەوە و ئەوەی لە خەیاڵیاندایە بە ئەنجامی بگەیێنن، تورکیا لە خاڵی پاراستنی مانەوەی خۆی زۆر جار ئیرادەی بە هێزەوە نیشان داوە. کار بگاتە ئەو رادەیە، دووبارە شەوێک لە ناکاو بەسەریان دا دەدەین. پشت بەخوا ئەم هێزە و توانایەمان بە زیادەوە هەیە. چارەنووسی ئەوانەی کە دەیانەوێت لەپاڵ تیرۆر و تووندوتیژی دا بن ناشتنی خۆیان و چەکەکانیانە".
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بە شەڕی خەندەق، کە لە ساڵی 2015 لە شارەکانی باکووری کوردستان لە نێوان پەکەکە و سوپادا روویدا، گوتی: "ئەوانەی دوێنێ چاڵیان لە شار و شارۆچکەکانمان لێدا باجی زۆر قورسیان دا، ئەمڕۆش ئەوانەی بیر لە کانتۆن و بیرۆکەی جوداخوازی دەکەنەوە، باجەکانیان چەند هێندە دیکەی قورستر دەبێت. بازنەی رێکخراوی تیرۆریستی و پاشماوەکانیان بەرتەسک بووە."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر ئەمڕۆ بێت یان سبەی جێبەجێی دەکەین. بەڵام ئەم ساڵ یان هەر کاتێکی دیکە بەربەست بخرێتە بەردەم هەوڵەکان و پرۆسەکە تێکبدرێت، ئەوکات تورکیا بە مشتی پۆڵایین لە بەکارهێنانی گورزی بەهێز سڵ ناکاتەوە. لەو باوەڕەدام برایەتی، پێکەوەژیان و ئارامی سەردەکەوێت."