لە ئیستەنبووڵ 17 کەس بە کحوولی ساختە گیانیان لەدەست دا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا 17 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 20 کەسیش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
ساڵانە لە تورکیا لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ دا، گیانلەدەستدان بەهۆی کحوولی ساختە زۆر دەبێت.
درەنگی شەوی چوارشەممە (چواری کانوونی یەکەمی 2024) لە ناوچەکانی شیشلی، بەیئۆغڵو، کاغتهانە، ئەسەنیورت، عومرانییە، ئوسکودار و باکرکۆی 46 کەس بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەو ژمارەیە تائێستا 17 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 22 کەس چارەسەر وەردەگرن و حەوت کەسی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
تیمەکانی پۆلیس، 19 کەسیان بەتۆمەتی فرۆشتنی کحوولی ساختە دەستبەسەرکرد، هەروەها دەستیانگرت بەسەر 516 بوتڵ کحوولی ساختەدا.
دۆسیە بۆ ئەو 19 کەسە کرایەوە و هەشت کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا رۆژی چوارشەممە بێجگە لە ئیستەنبووڵ، لە پارێزگاکانی سامسوون، ئایدن و تەکیرداغ ـی تورکیاش ئۆپەراسیۆنیان کرد.
لە پارێزگاکانی سامسوون 13 کەس و لە ئایدن سێ کەس دەستبەسەرکران. لە تەکیرداغ دەست بەسەر 855 لیتر کحوولی ساختەدا گیرا.