باخچەلی: لە تورکیا کێشەی کورد نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە دەڵێ، لە تورکیا کێشەی کورد نییە و "گوتەی کێشەی کورد، یاریی ئیمپریالیستەکانە."
ئەمڕۆ (سێشەممە، پێنجی تشرینی دووەم) دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد و باسی پرسی کوردی کرد. ئاماژەی بەوە دا، پێویستە کورد ئێستا ئەو یارییانە ببینێت کە دەکرێن و هیواکانی "تیرۆر" تێکبشکێنن.
باخچەلی گوتی "لە تورکیا کێشەی کورد نییە و گوتەی کێشەی کورد یاریی ئیمپریالیستەکانە. تاوەکو ئەمڕۆ لە ژیانی کارەوە بۆ سیاسەت، لە بیرۆکراسییەوە بۆ پەروەردە، لە بازرگانییەوە بۆ کشتوکاڵ، لە وەرزشەوە بۆ هونەر، ئایا برایەکی کوردم هەیە کە مافەکانی پێشێل کرابێت؟ ئەگەر هەبێت، هەمیشە ئامادەین گوتەبێژی ئەوان بین و مافەکانیان بپارێزین."
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت "هیچ ئەنجامێکی سیاسەتی دابەشکاری نییە. یەکگرتوویی هەزار ساڵە، نابێ تێکبچێت و بێ ئەنجام بمێنێتەوە. میللەتی تورکیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هێلانەکانی ئاشووب و گەندەڵی لەنێو سنگی خۆی لاببات و لە هەر کاتێکدا دەتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. دەوڵەتی کۆماری تورکیا لەسەر شەقام نەدۆزراوەتەوە و رادەستی شەقام و تیرۆریستان و تاوانباران ناکرێت."
باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "هەموو ئەو کەسانەی لە رێگەی هاووڵاتیبوونەوە سەر بە کۆماری تورکیان، بەبێ گوێدانە نەتەوە، زمان، ئایین و مەزهەب، هاووڵاتیی یەکسانی ئەو نەتەوە تورکەیە کە کۆماری تورکیای دامەزراند. تورکبوون شووناسێکە کە دەستبەرداریی لێ ناکرێ. گەڕان بەدوای ناسنامەیەکی نوێ بۆ نەتەوەی تورک و پێناسەکانی هاووڵاتیبوون، هەوڵی پووچەڵن."
بە گوتەی باخچەلی، ئەو کەسانەی بۆ شارەوانییەکانی ئەسەنیورت، خەلفەتی، ئێلیهـ و مێردین وەکو قەییووم دانراون، هیچ پەیوەندییەکیان بە قەییووم و نکۆڵیکردن لە ئیرادەی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی پەیوەندی ئەو شارەوانییانەیە لەگەڵ "تیرۆر".
باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات، لە تورکیا سەروەری یاسا هەیە. پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگە ناچارییە. ئەو سەرۆک شارەوانییانە بۆ ماوەیەکی کاتی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، پێویستە بە ئارامی چاوەڕێی ئەنجامی پرۆسەی دادگاییکردنەکانیان بکەن.
باخچەلی باس لەوە دەکات جەهەپە پرۆسەکە پێچەوانە دەکاتەوە و ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن.
باخچەلی گوتیشی "بەتایبەت سووکایەتیکردن بە بەڕێز ئەحمەد تورک کە کێشەی تەندروستیی جیدی هەیە، تەمەنی گەورەیە و لە بنەماڵەیەکی بەنێوبانگ و ئاغایەکی کوردە، هەروەها فێڵی جیاکاریی نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەرهەمی دەرەکیی پڕوپاگەندەی رەشە کە جەهەپە سەرپەرشتی دەکات."
سەرۆکی مەهەپە جارێکی دیکە بانگەوازەکەی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندایکراوی پەکەکە دووپاتکردەوە و گوتی "هەفتەی رابردوو بە روونی قسەم کرد. هەمووان قسەیان کردووە و ئێستاش قسە دەکەن. دیسان دەڵێم؛ لە سەدەی نوێی کۆماری تورکیا، تیرۆر بنبڕ دەکرێت. ئێمە لەگەڵ برا کوردەکانمان یەک دڵین و لە بەرامبەر رێکخراوی تیرۆریستیی دابەشکەردا لە یەک بەرەداین."
ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرکردەی تیرۆر کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەر بڵێت تیرۆر کۆتایی هاتووە و پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە، خیانەت و دابەشکاری کۆڵانێکی داخراوە، با بێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی و یەک بە یەک ئەم قسانە بڵێت. با رەش و سپی لە یەکتر روون بێت و لە مافی هیوا سوود وەربگرێت. من لە پشت قسەکەمەوە وەستام و پێداگری لەسەر پێشنیازەکەم دەکەم".